کێشە خێزانیەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک کە بە کوشتن و یەکترسڕینەوە کۆتاییان دێت
(0) /
ڕوانگە - بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، لە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 سکاڵای جۆراوجۆر تۆمارکراوە.
بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" بەپێی لیژنەی پێداچونەوە و تۆمارکردنی کەیسەکان لەڕێکخراوی یەکێتی پیاوان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا واتا لە 2024/1/1 ەوە تاوەکو 2024/7/1 لەسەرجەم لق و ناوچەکانمان لە هەرێمی کوردستان، 342جۆری سکاڵاو توندوتیژی تۆمارکراون، بەداخەوە 31 حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە و 11 پیاویش بەهۆی کێشە خزانیەکانەوە کوژراوە.
وتیشی:" ئەم ئامارە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو دابەزینی پێوەدیارنییە کە جێگای دڵخۆشی بێت،ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییه زیادبونی کوژرانی پیاوانە بەهۆی کێشە خێزانیەکانەوە، بەداخەوە کێشە خێزانیەکان گەیشتۆتەئاستێک کە بە کوشتن و یەکترسڕینەوە کۆتای دێت
لە بارەی هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت سەرهەڵدانی کێشەخێزانیەکان،
بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئاشکرایکرد:" قەیرانی دارایی و ئابوری بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لەزیادبونی کێشەخێزانیەکاندا ، چونکە لەڕووی یاسای و باری کەسێتییەوە پیاو هەڵدەسێت بە دابینکردنی پێداویستیە دارایەکان، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان تەداخولکردنێکی زۆر لە ناوخێزاندا دروستبووە و ئێمە هەست دەکەین جاران خێڵ چەقی کۆمەڵگابوو دوای بو بە خێزان، ئێستاش تاک ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆیە هەست دەکەین ڕۆڵ و دەسەڵاتی خێزان لاوازدەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیا و سۆشیال میدیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ئەمانە هەمویان پاڵنەرن بۆ دروستبونی کێشە خێزانیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پاشەکشەکردنی دەسەڵاتی دادوەری و یاسای و جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان، ئەویش یەکێکی دیکەیە لە هۆکار وپاڵنەرەکان
بورهان عەلی فەرەج، ڕونیشیکردەوە:" چی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و دەزگا ڕۆشنبیریەکان،ئەرک وبەرپرسیارێتی گەورەیان لەئەستۆیە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە کێشەکان و هەروەها ئەو هۆکارانەی کە پاڵنەرن بۆ دروستبونی کێشەخێزانیەکان، بۆیە هەمو لایەک دەبێت ڕۆڵبگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا، چونکە ئەرکی ئەوانە بەدوای هۆکارەکان و پاڵنەرەکان و وەدەرئەنجامەکەیدا بگەڕێن و پاشان بە پرۆژەیەک دەدرێتە حکومەت و دواتر ئەوان دەتوانن ڕێگەچارەکان بدۆزنەوە
بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" ئێمە تاکە ڕێکخراوین لە هەرێمی کوردستان، کار لەسەر پرسی ڕەگەزی نێردەکەین و ئامارەکانمان دانپێدا نراون لە لایەن لایەنی ناوخۆی و هەروەها پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم تاڕادەیەک پشت بە ئامارەکانی ئێمە دەبەستن و بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لای ئێمە ئەوەیە کە حکومەت بەرنامەی نییە بۆ بنەبڕکردنی کێشە خێزانیەکان بەتایبەت لەڕوی دارایی و ئابورییەوە دەبێت حکومەت بەرنامەی هاوکاری هەبێت بۆ خێزانەکان و دەبێت پێشینەی هاوسەرگیری هەبێت، بەڵام بەداخەوە حکومەت هیچ جۆرە بەرنامەیەکی نییە بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی کێشە خێزانیەکان
تێبينيێك بنێرە: