سەروەرنەبونی یاسا لە هەرێمی کوردستان هۆکاربووە بۆ دەربازبونی بکوژانی ڕۆژنامەنوسان
(0) /
ڕوانگە - دوایی تێپەڕبونی 16 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنیدا تاوەکو ئێستا بکوژانی ڕۆژنامەنوس، سۆرانی مامەحەمە، دەستگیرنەکراون و ڕێکخەری سەنتەری میترۆش، هۆکاری سەرەکی دەربازبونی بکوژانی ڕۆژنامەنوسان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەروەرنەبونی یاسا لە هەرێمی کوردستان.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" هۆکاری سەرەکی دەربازبونی بکوژانی ڕۆژنامەنوسان و دادگای نەکردنیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سەروەری یاسا لەهەرێمی کوردستان، لاوازە و حیزب دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و دەزگایەکی دادوەری عادیلانە نییە بۆیە بکوژ سزانادرێت و لێکۆڵینەوەی جدی لەو پرسانەدا ناکرێت، واتا دیاریدەی دەربازبون لە سزا لەژینگەی کاری ڕۆژنامەنوسیدا زاڵە بۆیە بکوژان دەربازیان بووە لە سزا.
لەبارەی ڕۆڵی دەزگاکانی ڕا گەیاندن و ڕۆڵیان لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕونیکردەوە:" دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر لاوازن و هەمویان گرنگی بە ئەو پرسانە نادەن، بەڵکو ئەو دەزگایانەی کە بەدواداچون بۆ پرسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان دەدن بەپەنجەکانی دەست دەژمێردرێن و بەشێکیان ئەو بابەتانە بۆ پرسی سیاسی بەکاردەهێنن، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە چەند دەزگایەکی کەم هەیە گرنگی بە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان دەدەن .
وتیشی:" ئەوەی کە بەدواداچونی جدی بۆ کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان کردووە لە ماوەکانی ڕابردودا، تەنها ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانن.
، ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، ئاشکرایکرد:"ئێمە وەکو سەنتەری میترۆ هەمیشە بەدواداچونمان بۆ پرسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان کردووە و هەرئەمەش وایکردووە، تاوەکوئێستا گوشارمان لەسەربێت، بەڵام ئەو گوشارانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئەدای کارکردنمان و هەڵوێستەکانمان نەبووە و ناشبێت.
تێبينيێك بنێرە: