سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی لوبنان دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق لوبنان ڕەشید


Jul 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان و وەفدی هاوڕێی، کە لە وەزیرانی پیشەسازی، وزە و ئاو، کشتوکاڵ، کار و گواستنەوەی لەخۆگرتبوو، بەڕێز حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتیش ئامادەی بو.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 21-7-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، باس لە پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا، هەروەها گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان باسی لێوەکرا بۆ وەستاندنی دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆسەر غەززە و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە مرۆییە دڵتەزێنەی، کە کەرتی غەززە بەخۆیەوەدەبینێت.
هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاریکاریی هاوبەش لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا تاووتوێ کرا و بەڕێز سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، کە ئەمڕۆ جیهان شاهیدی گۆڕانکاری و روداوی خێرایە و پێویستی بە دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی هاریکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەموو وڵاتان هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم ئاڵنگاریانە.
بەڕێزیان ئاماژەی کرد بە سەقامگیریی ئەمنی و پڕۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە، کە عێراق بەخۆیەوەدەبینێت و رونیکردەوە پرەنسیپە چەسپاوەکان هاندەرن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، لە ماوەی رابردوشدا چەندین پێشهاتی ئەرێنی لەم بوارەدا هەبوە.
لای خۆیەوە بەڕێز نەجیب میقاتی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆك کۆماری لە میانی لوتکەی عەرەبی لە بەحرەین بۆ پشتیوانی لە لوبنان بەرزنرخاند و رونیکردەوە، ئەوەی هەردوو وڵاتی برا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، زیاترە لەوەی لوبنان بە هەر وڵاتێکی دیکەوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی بۆ عێراق لە چوارچێوەی پتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەشدایە.
هەروەها بەڕێز میقاتی بانگهێشتێکی رەسمی ئاراستەی بەڕێز سەرۆك کۆمار کرد بۆ سەردانی لوبنان.