دکتۆر مەحمود عوسمان: تورکیا هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر کورد و ئەمەریکاش پشتگیری دەکات
(0) /
ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، لە بارەی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر سلێمانی و نیگەرانیەکانیان لە یەکێتی ڕایگەیاند:" تورکیا، هەمیشە دژی کورد بووە و هاتنیشی بۆناوخاکی هەرێمی کوردستان تاوانێکە و بەبیانوی پەکەکەوە ئەنجامی دەدات.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" پەکەکە هەبوبێت یاخود نا، ئەوا سیاسەتی تورکیا هەر دژی کوردبووە و نایانەوێت هیچ قەوارەیەکی کوردی بونی هەبێت لە هیچ پارچەیەکی کوردستان و نایشی شارنەوە هەمیشە دەڵێن: لە ناوخۆی تورکیادا کێشەیەک بونی نییە بەناوی کێشەی کوردەوە.
وتیشی:" بیانوی ئێستای تورکیا پەکەکەیە، بەڵام تورکیا هەمیشە سیاسەتی دوژمنکارانەیان بەرامبەر بە کورد هەبووە و هیچ کاتێک ئامادەنەبون گفتوگۆ لەگەڵ کوردا بکەن، لەبەرئەوە سەرچاوەی کێشەکە لە ئەنقەرەیە و ئەگەر تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و گفتۆ دەستپێبکات و کوردیش مافێکی هەبێت لەو وڵاتە ئەوا پەکەکەش ئامادەی دانوستان دەبێت، بەڵام هەرگیز تورکیا ئەو ڕێگایە ناگرێتەبەر لەبەرئەوەی سەرچاوەی کێشەکان دەوڵەتی تورکیایە نەک پەکەکە و گەلی کورد و وە ئەو هێرشانەش کە بەبیانوی پەکەوە دەیکاتە سەر کوردستان، هێرشی ناڕەوان و دەبێت حکومەتی بەغداد و هەرێمی کوردستان ئەم دەستدرێژیانەی تورکیا قبوڵنەکەن و بەرەنگاری ببنەوە و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵابکەن، چونکە بەچی مافێک دێن خاکی هەرێم داگیردەکەن و ئەو گوندانە دەسوتێنن، بەڵام بەداخەوە تورکیا کۆڵنادات لە داگیرکاری و ئەمەریکاش پشتگیری دەکات.
لەبارەی بێدەنگی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بەرامبەر بە داگیرکاریەکانی تورکیا، دکتۆر مەحمود عوسمان، ڕونیکردەوە:" حکومەتی عێراق بێدەنگنییە، بەڵکو لەژێرەوە هاوکار و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیایە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ یەکدیداهەیە و ئاگاردار جموجوڵەکانی یەکدین و حکومەتی هەرێمیش بۆیە بێدەنگە، چونکە دەڵێت:" پەکەکە تاوانبارە، بەڵام لەڕاستیدا پەکەکە تاوانبارنییە و تورکیا لەم پرسەدا تاوانبارە، چونکە ئەگەروانییە ئەوا با سبەی تورکیا پرۆژەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە بخاتە بەردەست ئەگەر پەکەکە قبوڵی نەکرد ئەوکات دەتوانن دژی پەکەکەبن. بەڵام بەبڕوای من بیانوەکە پەکەکەنییە، ئەگەر نا خۆ دەبینین لەناوخۆی تورکیا حیزبی دیکە هەیە و چەکداریش نین کەچی تورکیا بیانویان پێدەگرێت پەرلەمانتار و سەرۆکی شارەوانی هەیە کە بەدەنگی خەڵک دەرچووە کەچی تورکیا دژی دەوەستێتەوە.
لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر سلێمانی و نیگەرانیەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ئاشکرایکرد:" تورکیا تەنها بیانو بەسلێمانی دەگرێت، تورکیا دەڵێت:" مەزڵوم کۆبانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە هاتوچۆی کردووە، مەزڵوم کۆبانی تەنها کەسێکە و بە فڕۆکەی ئەمەریکیەکان هاتوچۆی کردووە و ئەمەریکیەکان پارێزگارییان لێکردووە، بۆیە ئەوانە تەنها بیانون و تورکیا بەردەوامە لەسەری و بناغەکەشی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە باوەڕیان بە کێشەی کورد نییە و هەرکوردێک لە هەرشوێنێک بێت بە چاوێکی خراپەوە لێی دەڕوانن، ئەگەر تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت ئەوا دەتوانێت بەئاشتی سنورەکانی خۆی بپارێزێت ئەگەر نا ئەوا شەڕ هەربەردەوام دبێت و ئەوەش هیچ ئەنجامێکی نابێت و پێویستە تورکیا ئەو سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.
تێبينيێك بنێرە: