ئیسرائیل، دەیەوێت ئێران پەلکێشی ناو جەنگێکی گەورە بکات

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان ئێران بورهان موزەفەر نامیق یەکگرتوو


Jul 31, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، بورهان موزەفەر نامیق،  ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند:" ئیسرائیل، لە ڕێگەی کوژارانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس، لە ناوخاکی ئێراندا پەیامێکی توند دەدات بەئێران و ئاگاداریان دەکاتەوە بەوەی کە ناتوانن ئەم ڕووداوەی ئیسماعیل هەنییە بشارنەوە و هەروەها پەیامێکیشە بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران، کە پێی دەڵێت: ئێوە لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونتانەوە دەبێت ئەوەبزانن کە هەرکەی بمانەوێت دەتوانین تیرۆرتان بکەین.

وتیشی:" ئێستا ئێران لەبەردەم  ئیحراجییەکی زۆرگەورەدایە، چونکە لەلایەک ئێستا ئێران ناتوانێت ڕەتی بداتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە لەناو خاکی ئێراندا کەسایەتییەکی وەک هەنییە کراوەتە ئامانج کە ئەمەش دۆخێکی قورسە لەبەردەم ئێراندا.

 بورهان موزەفەر نامیق،  ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕونیشیکردەوە:" دیارە ڕژێمی زایۆنیستی لەبەردەم بزوتنەوەی حەماسدا شکستێکی زۆر زۆر گەورەی خواردووە و دۆش داماوە بەدەستیەوە و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆیە بەدوای دەرەچەیەکدا دەگەڕێت بۆئەوەی شەڕەکە بکات بە شەڕێکی نێودەوڵەتی و ئێران ڕابکێشێتە ناو  ئەو شەڕەوە  بۆئەوەی پاڵپشتی وڵاتانی غەربی و نێودەوڵەتی بۆ زیاتربێت هەروەها بۆئەوەی شەڕی بەوەکالەتی ئێران، لەڕێگەی حوسیەکان و حیزبوڵاو هەروەها ئەو هێزەسەربازیانەی کە لە عێراق هەن، کۆتای پبهێنێت و ڕاستەوخۆ شەڕ لەگەڵ ئێراندا بکات و پێشوتریش ئیسرائیلیەکان وتویانە ئێمە ئەم شەڕی بە وەکالەتە قورسەبۆمان بۆیە واباشترە ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا شەڕ بەرپابکەین و دەبێت پاساوێکیش هەبێت بۆ ئەم شەڕە، بۆ ئەوەش لەم ڕۆژەدا و لەناو خاکی ئێراندا کەسایەتیەکی وەک، ئیسماعیل هەنییە، شەهید دەکەن کە ئەمە پەیامی تایبەتی تێدایە و وە ناچارکردنی ئێرانە بۆئەوەی وەڵام بداتەوە، بۆیە ئێستا ئێران لە هەمو بارەکاندا دووچاری مەوقیفێکی زۆر سەخت بووە و لەبەردەم مەترسییەکی گەورەیشدایە، چونکە ئەگەر وەڵام بداتەوە ئەوا ترسی ئەوەی هەیە  شەڕەکە بچێتە قۆناغێکی سەختەوە، چونکە ئەمەریکا بەڕون و ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە:" هەرکەس و لایەنێک بەرامبەر بە ئیسرائیل بووەستێت ئەوا ئێمە بەرپەرچی دەدەینەوە دیارە پەیامەکەی ئەمەریکاش بەپلەی یەکەم بۆ ئێرانە، وەئەگەر بێت و ئێران، وەڵام ئەم دەست درێژیانەی ئیسرائیل نەداتەوە ئەوا دیسانەوە ئیحراجییەکی گەورەیە بۆئێران و بۆئەو هێزانەشی کە پشتیان بە ئێران بەستووە وئەمە وادەکات ئەو هێزانە نائومێدبن لە پاڵپشتیکردنی ئێران وئەمەش دۆخێکی سەختە لەبەردەم ئێراندا.