بازرگانیکردن بە شوێنەوارەکانەوە لە کوردستان بووە بە دیاریدە و زۆر زیادیکردووە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە شوێنەوارەکان هەرێمی کوردستان ئیسماعیل حەمەڕەحیم


Aug 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - هەرێمی کوردستان، یەکێکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی دنیا لەڕووی هەبونی شوێنەوار و ناوچەی کەلەپوری و ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەسەرنجی سەرجەم وڵاتانی دنیا و هەمو ئەوکەسانەی کە بازرگانی بە شوێنەوارەکانەوە دەکەن و سەرۆکی ڕێکخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەواریش ڕایدەگەیەنێت:"جاران ئەم بازرگانیکردن بە شوێنەوارەکانەوە لە کوردستان حاڵەت بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا بووە بەدیاریدە و زۆر زیادیکردووە.

ئیسماعیل حەمەڕەحیم، سەرۆکی ڕێکخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەوار، ڕایگەیاند:" لەسەر ئاستی دنیا هەرێمی کوردستان چاوی زۆر لەسەرە، لە بابەتی شوێنەوارەوە، چونکە ناوچەکە لانکەی مرۆڤایەتییە و یەکەمین پەرستگا و یەکەمین گوندی کشتوکاڵی و یەکەمین ناوچە کە ئاژەڵی ماڵی کردووە لە کوردستاندا بووە، بۆیە لەوڕوەوە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوە و ئیقلیمیش چاویان بڕیوەتە کوردستان، بۆ تێکدان و شوێواندنی شوێنەوارەکان.

وتیشی:" دوو گروپیش لەسەر ئاستی دنیا ئەمڕۆ کار لەسەر ئەو شێواندنانە دەکەن بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە خاوەنی زۆرێک لە شوێنەوارەکانن، گروپی یەکەم ئەو گروپە مەزهەب گەرایانەن کە هەوڵی شێواندنی شوێنەوارەکان دەدەن، گروپی دووەمیش ئەو گروپانەن کە زۆر ڕێکخراون و خەریکی بازرگانی کردنن بە شوێنەوارەکانەوە.

ئیسماعیل حەمەڕەحیم، ڕونیشیکردەوە:" تا ساڵی 2021 یاسایەک نەبوو کە باس لەشوینەوار و بازرگانیکردن بە شوێنەوارەوە بکات و قەدەغەی ئەو بابەتەبکات، بەڵکو پشتیان بەیاسای ساڵی 1936 حکومەتی عێراقی دەبەست، بەڵام خۆشبەختانە ساڵی 2021 یاسای ژمارە 5 دەرچوو لە پەڕلەمانی کوردستان، کە یاسایەکی زۆرباشە، بەپێی ئەم یاسایە سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ کەسێک دەدات کە شوێنەوارێک تێکبدات و هەروەها سزای هەتاهەتایشی تێدایە بۆ کەسێک کە دەستی هەبێت لە بازرگانی کردن و تێکدانی بە شوێنەوارەکاندا.

سەرۆکی ڕێکخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەوار، ئاماژەی بەوەشکرد:" خۆشبەختانە حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم نەبووە لە ڕێگریکردن لە بەتاڵان بردنی شوێنەوارەکان و بازرگانی کردن پێیانەوە، بەڵام گومان لەوەشدانییە کە کەسانی نابەرپرس هەن کە هەربەردەوامن لە تاڵانکردن و وێرانکردنی شوێنەوارەکان، لە دنیاشدا ئەم جۆرە بازرگانیکردنە هەر هەیە و ناتوانرێت بەتەواوەتی  ئەو جۆرەبازرگانیکردنە بنەبڕبکرێت

ئیسماعیل حەمەڕەحیم، سەرۆکی ڕێکخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەوار، ئاشکرایشیکرد:" ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەسانێکی زۆرهەن کە تێوەگلاون لەم جۆرە بازرگانیکردنە و جاران ئەم بازرگانیکردنە حاڵەت بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا بووە بەدیاریدە و زۆر زیادیکردووە.