بۆ لەمەدوا لەناو دامودەزگاکانی کەرکوکدا بڕیارێک دەرناچێت کە کەس ئاگای لێنەبێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کەرکوک


Aug 19, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت:"لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابرردوودا لەکەرکوک گرفت و جیاکاری زۆر هەبووە، بەڵام ئێستا  کە پارێزگارێکی هەڵبژێردراو دەست بە کارەکانی خۆی دەکات، بێگومان بە بەرنامەی جیاوازتر و بە لێتێگەیشتنی جیاوازتر ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و خزمەتی خەڵکی کەرکوک دەکات بەبێ جیاوازی و ئیدی لەناو دامودەزگاکانی کەرکوکدا بڕیارێک دەرناچێت کە کەس ئاگای لێنەبێت.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، پارێزگارێکی بەوەکالەت ئیدارەی کەرکوکی کردووە، کە لەوماوەیەشدا هیچ جۆرە چاودێرییەک بونی نەبووە، بۆیە لەو ماوەیەدا لە دەرەوەی هەموو ڕێوشوێنە یاسای و چاودێریەکان ئەرکەکانی خۆی لە بەرژەوەندی گرووپێکی دیاریکراو لە کەرکوکدا ئەنجامداوە.

وتیشی:" پارێزگاری پێشوی کەرکوک بۆ کورد و بۆ تورکمان نەک سودی نەبوو، بەڵکو ئەو متمانەیەی کە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوکدا هەبوو وردەوردە لاواز دەبوو.

فەهمی بورهان، ڕونیشیکردەوە:" لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابرردوودا لەکەرکوک گرفت و جیاکاری زۆر هەبووە، بەڵام ئێستا  کە پارێزگارێکی هەڵبژێردراو دەست بە کارەکانی خۆی دەکات، بێگومان بە بەرنامەی جیاوازتر و بە لێتێگەیشتنی جیاوازتر ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و خزمەتی خەڵکی کەرکوک دەکات بەبێ جیاوازی و ئیدی لەناو دامودەزگاکانی کەرکوکدا بڕیارێک دەرناچێت کە کەس ئاگای لێنەبێت، کە ئەوەش خزمەت بە دانیشتوانی شارەکە دەکات بەبێ جیاوازی و ئیدی بڕیارێک لەو بڕیارانە دەرناچێت کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەتی هەژمونی تەعریبێکی نوێیان دەکرد کە لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بەشێوازی جۆراوجۆر دەمانبینی ئیدی ئەو بڕیارانە دەرناکرێ و قۆناغێکی نوێی خزمەتکردن دەست پێدەکات.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان،
باسی لەوەشکرد:" واباشترە هەمو هێزە سیاسیەکان لە کەرکوک، تەباو یەکگرتووبن لەبەرئەوەی ئەوشارە لەبەردەم گرفت و کێشەی زۆردایە و تائێستا ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە و هێشتا بەچاوی داهاتووی کارکردنی کەرکوک و جێبەجێکردنی بنەماو خاڵەکانی ماددەی 140  بەتەواوەتی ڕوننەبووەتەوە، بۆیە باشترە هەمووان پێکەوە کاربکەن، بەڵام بێگومان دروستکردنی گرفت لەلایەن هێزەکانی ناو کەرکوکەوە ئاستەنگ دروست دەکات،بەڵام ئاستەنگ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کە لەوانەیە بەشێک لەو نیگەرانیانەش کە ئێستاهەیە پەیوەندی بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە هەبێت و باوەڕدەکەم هێزە کوردییەکان برایەتی خۆیان بپارێزن بۆ خزمەتکرنی شارەکە.