دەزگای میدیایی ڕوانگە بەدواداچون بۆ گرفتی بەشداربوانی پرۆژەی" قەڵای شێروانە سیتی" دەکات

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە کوردستان شێروانە سیتی


Aug 19, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەشداربوانی پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، نیگەرانن لە سستی بەڕێوەچونی کارەکانی پرۆژەی ناوبراو و یەکێک لەو بەشداربوانە بۆ ڕوانگە باسی لەوەکرد، ئەوان  60% پارەکەیان داوە و کەچی  نزیکەی  30% کار لە پرۆژەکەدا کراوە و ئێستا خاوەنی کۆمپانیاکە ئاگاداری کردونەتەوە لەوەی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

دانا محەمەد مەجید، بەشداربوی پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی، لە گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ئێمە وەکو بەشداربونی پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی، کە ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2021 لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرمەوە بوین بەخاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەوپرۆژەیە و هەرلەسەرەتاوە گرێبەستێک لەنێوان هەردولادا واژوکرا و بەپێی ئەو گرێبەستە پێیان وتین کە بەپێی کارکردن بەشداربوان پارەدەدەن بە کۆمپانیای ناوبراو.

وتیشی:"  بەڵام دواتر لە ناو کۆمپانیا گرێبەستێکی دیکەیان پێ واژوکردین ئێستا کۆمپانیا دەڵێت: ئێمە بەپێی گرێبەستی دووەم پارە وەردەگرین و پابەندی کارکردن نابین و ئێمە بەپێی مانگانە پارە لە بەژداربوان وەردەگرین.

دانا محەمەد مەجید، ڕونیشیکردەوە:"سەرەتا کۆمپانیای ناوبراو پێیڕاگەیاندین 2024/8/5 کلیلی یەکەکان ڕادەستی بەشداربوان دەکەین بەمەرجێک بەشداربووان پابەندی پارەدانبن، ئێمە بۆماوەی دوو ساڵ پابەندی ئەو گرێبەستەوین، بەڵام ڕێژەی کرکردن تەنها 10% بوو بۆیە ئێمە پێدانی پارەمان بە کۆمپانیا ڕاگرت، هەرچەندە ئێمە زیاتر لە 2 دەفتەر دۆلار زیاترمان داوە بەکۆمپانیا.

دانا محەمەد مەجید، بەشداربوی پرۆژەی قەڵای شێروانە ستی، لە گەرمیان، ئاشکرایشیکرد:" ئەگەرچی تائێستا ڕێژەی کارکردن لەو پرۆژەیەدا نەگەیشتۆتە سەروی 30% کەچی لە ئێستادا خاوەنی کۆمپانیاکە ئێمەی ئاگادارکردۆتەوە کە گرێبەستی نێوانمانیان هەڵوەشاندۆتەوە و ئەمەش نیگەرانی لای ئێمە دروستکردووە و داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم پرسە بەجواببێت و نەهێڵێت ئەم ناحەقیە بەرامبەر بە بەشداربونی پرۆژەی "قەڵای شێروانە سیتی" بکرێت.

لای خۆشیەوە هونەر مەحمود عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان،بۆ ڕاونگە، باسی لەوەکرد، پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی، یەکێکە لەوپرۆژانەی کە لەڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە بەبڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان مۆڵەتی پێدراوە و ئەم پرۆژە پرۆژەیەکی نیشتەجێبونەو و پێکهاتەی پرۆژەکە لە 1122 یەکەی نیشتەجێبوون خۆی دەبینێتەوە کە 646 یەکەی بۆ چینوتوێژەکانە، واتا بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و عەسکەری تەرخانکراوە.

وتیشی:" ئەو پرۆژەیە لە ڕێژەی کارکردنیدا کەمتر 30% کۆی پرۆژەکە جێبەجێکراوە، ئەویش لەبەرئەوەی ئەوبەشەی کە بازرگانییە تائێستا بەبازاڕ کردنی بۆ نەکراوە.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان،ڕونیشیکردەوە:" هۆکاری ئەو نیگەرانیانەی بەشداربوانیش دەگەڕێتەوە بۆ واژوکردنی ئەو گرێبەستەی کە لە نێوانی کۆمپانیاکە و بەشداربوانداهەیە، بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە کە نوێنەری بەشداربووان خۆیان واژویانکردووە هاتووە پارەدان هیچ پەیوەندی نییە بە ڕێژەی کارکردن لە پرۆژەکەدا و دەبێت بەشداربووان مانگانە پارە بە کۆمپانیابدەن.

هونەر مەحمود عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان،ئاشکرایشیکرد:" ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان چەندین جار لەگەڵ کۆمپانیا دانیشتنمانکردووە و کارئاسانیمان بۆ بەشداربوان کردووە، بەداخەوە ناوەڕۆکی گرێبەستەکە دەسەڵاتی داوە بەکۆمپانیا بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و وەبەرهێنان دەتوانن ئەو بشداربووەی نەتوانێت پابەندی پارەدان بێت یەکەکەی لێ وەربگرنەوە کەئەوەش  تەنها لەدەسەڵاتی دادگادایە کە ئەم بابەتە یەکلای بکاتەوە، چونکە گرێبەستێک لەنێوان هەردولادایە و ناوەڕۆکی گرێبەستەکە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نییە و دەبو هەرسەرەتا کاربۆ ئەوەبکرێت کە ڕێژەی کارکردن بکرێت بە سەنگی مەحەک.