عێراق بە ئەنقەست هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دوادەخات
(0) /
ڕوانگە - ئەندامێکى لیژنەىنەوت و غاز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، عێراق بە ئەنقەست هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دوادەخات، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە.
لەڕۆژی 25ی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس ڕاگیرا و دواى چەندین فشار و هەوڵ تا ئێستا هیچ بریارێک بۆ هەناردەکردنەوەى دیارى نەکراوە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنى نوینەرانى عێراق رایگەیاند، عێراق نایەوێت ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، ئەو بڕە نەوتەی پێویستە هەرێم هەناردەی بكات خۆیان هەناردەی دەكەن ئەوەش لە یاسای بودجەدا ھاتووە.
دەشڵێت، کێشەی گەورە لە نێوان عێراق و ئۆپیک ھەیە، بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نییە کە بۆی دیاری کراوە کەم بکرێتەوە لەگەڵ ئەوەی عێراق دەبێت ڕۆژانە سێ ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 70 ترلیۆن دینار کورتھێنان لە بودجە ھەیە.
وەک ئۆپیک ئاماژەى پێکردووە، لە عێراق نابیت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتر بێت چونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق چوار ملیۆن و 600هەزارە، ئەوەش سەرو ئەو ڕێژەیەیە کە بۆ عێراق دیاریکراوە، ملیۆنێک بەرمیل زیادە.بەوتەى ئەو ئەندامەى لیژنەى نەوت و غاز عێراق خەم ساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەددا نییە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەم بکاتەوە و لە ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت، پێیان وایە تێچوی نەوتی خۆیان کەمترە.
تێبينيێك بنێرە: