حسەین عەبولکەریم: لایەنە سیاسییەکان ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵک بگرن و هاوکاری پارتی براوەبن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان حسەین عەبولکەریم پارتی مەسرور بارزانی سەرۆک بارزانی نێچیرڤان بارزانی


Sep 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: هەڵبژاردن مافە بەواتای ئەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافی خۆیانە بەشداری لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەوڵەتدا بکەن، لێرەوە دەتوانین بڵێین، پرۆسەی حکومڕانی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگایە، بۆیە من داوا لە کۆمەڵگەی کوردستانی دەکەم زۆرترین بەشدارییان هەبێت بۆئەوەی نوێنەری خۆیان بنێرنە پەڕلەمان.
لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لە بارەی گرنگی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان حسەین عەبدولکەریم، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردن یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی پرۆسیسی دیموکراتی کە بەمانای دەسەڵاتی گەل دێت، هەرچەندە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، بە کۆمەڵێک ئالانگارییا تێپەڕیووە، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی یاسای پەڕلەمان هەروەها کەمکردنەوەی 11 کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن لەکاتێکدا ئەرکە لە هەمانکاتیشدا مافە.
وتیشی: هەڵبژاردن ئەرکە، بەومانایەی ئەرکە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا ڕۆڵیان هەبێت لە داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسی، کە من هەمیشە قسەیەکم هەبووە و وتوومە، تەمەنا دەکەم خەڵک بەگشتی سیاسی بن نەک حزبی بن، سیاسی بن بەومانایەی کە ڕۆسۆ، پێناسەیەکی هەیە بۆ سیاسەت و دەڵێت، سیاسەت گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی گشتیدا و لەناو بازنەی بەرژەوەندییە گشتییەکەدا پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکە، ئەگەر خڵک بەدوایی بەرژەوەندی گشتیدا گەڕا هەڵبەتە دەتوانێت بە ئاسانی متمانەی خۆی بەوخەڵکانەبدات کە مەبەستێتی.
حسەین عەبدولکەریم، ڕونیشیکردەوە: ئەڵبەت لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا لایەنە سیاسیەکان کۆمەڵێک پاکێجیان هەبووە بۆ هەڵبژاردن کە دروشم بووە  بۆ ئەوەی کە دەچنە دەسەڵات ئەوانە جێبەجێ بکەن،  بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشابکەین ئەگەر هێزی سیاسی دەسەڵاتی گرتەدەست و ئەو پاکێجانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا وەکو پڕوپاگەندە جێبەجێی نەکرد ئەوا خەڵک لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانێ دەنگی پێنەداتەوە و متمانەی خۆی بگۆڕێت، بۆیە گرنگە هزر و بیرۆکەی کۆمەڵگا پاڵپشتێکی ڕاستەوخۆ و وە هاوکارێکی جدی پرۆسەی سیاسی بێت.
حسەین عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەشکرد: هەڵبژاردن مافە بەواتای ئەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافی خۆیانە بەشداری لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەوڵەتدا بکەن، لێرەوە دەتوانین بڵێین، پرۆسەی حکومڕانی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگایە، بۆیە من داوا لە کۆمەڵگەی کوردستانی دەکەم زۆرترین بەشدارییان هەبێت بۆئەوەی نوێنەری خۆیان بنێرنە پەڕلەمان، بۆیە لەڕێگەی دەزگایی میدیایی ڕوانگەوە، دوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، بەڕۆحێکی دیموکراتیانەو نیشتیمان پەروەرانە ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵک بگرن و وە هاوکاری پارتی براوەبن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا، چونکە ئەگەر ئێمە تەماشابکەین لە کوردستان، لە بەرمەبنای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو چەندین حکومەتی جۆراوجۆرمان لە شێوازی حکومڕانیا تاقیکردۆتەوە، لەوانە حکومەتی پەنجا بە پەنجا و حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی شەراکەت، کە هەموو ئەمانە ئەگەر بۆ ئەو قۆناغانە بە هەموو کەموکورتییەکانیەوە قۆناغێکی پێویستبوون ئەوا هێشتا نەیانتوانیووە کە دیاریدەی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەی و ئەو ئاسەوارانە بسڕنەوە بە ئێستاکەشەوە، بۆیە من پێموایە حکومەتی داهاتوو لە بەرمەبنای دەنگی خەڵکی کوردستان بێت و ڕێز لە دەنگی خەڵکی بگیرێت بەوەی کە حکومەتێکی سەرتاسەری بێت تاوەکو حکومەت بتوانێت وەک یەک خرمەتی هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکات.
لەبارەی ئەو تێڕوانینانەی کە لای خەڵک و بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانەوە دروستبووە دەربارەی ئەوەی کە پێیان وایە هەردوو هێزی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، بە ئەنقەست سیاسەتیان لە بەرچاوی خەڵک ناشیرن کردووە بۆئەوەی خەڵک دوربکەوێتەوە لە سیاسەت و خۆیان لەوپێگەیەدا بمێننەوە، حسەین عەبدولکەریم، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕونیکردەوە: ئەگەر تەماشای هەڵبژاردنی هەموو وڵاتانی دونیابکەین ئەوکات دەبینین لە هیچ کوێی دونیا هەڵبژاردنێکی تەواو بێکەموکورتی بەڕێوەناچێت، بۆ لە هەموو دونیا گلەیی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکرێت و وە هێزی سیاسی زۆرترین هەوڵ و فشاری خۆی دروست دەکات بۆئەوەی کە خەڵک بباتە سەر سندوقی دەنگدان، بەڵام من هەڵبژاردن هەم بە ئەرک دەبینم هەم بە مافیش، بۆیە سەنگی مەحەک لەلای میللەتە، وە میللەتی ئێمەش میللەتێکی هۆشیارە ئەگەرچی خەڵکی ئێمە لە ڕابردودا لەژێر دەسەڵاتێکی داگیرکەردابووە و ئێستا جۆرێک لە دەسەڵات لە عێراقدا حکومڕانی دەکات و میللەتێکی ماندووە و بە مافی خۆیان نەگەیشتوون، بەڵام جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەرک و مافی خەڵکی کوردستان ئەوەیە لەو هەڵبژاردنە زۆرترین بەشداری بکەن ئەگەر بابەتی گۆڕینی دەنگ و دەستکاریکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردن و و سڕینەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی پێشو ڕێژەیەک بێت لە ناو ڕێژەگشتییەکەدا، بۆیە جارێکی دیکە بەشداری زۆرینەی خەڵک ئەوەش تێدەپەڕێنێت، بۆیە گرنگە زۆرترین ڕێژەی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات و گرنگە خەڵک بەرژەوەندی گشتی بکاتە پێوەر نەک بەرژەوەندی ئەحزابی سیاسی.