لە چاوپێکەوتن لەگەل عەدالەت عەبدوڵا؛ لێکدانەوەی ڕەهەندەکانی سەفەری پزیشکیان بۆ عێراق و کوردستان

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە عەداڵەت عەبدوڵا پزیشکیان


Sep 12, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی، لەبارەی گرنگی و بایەخی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەم سەردانە یەکەم گەشتی دیبلۆماسی سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، وەبێگومان لەڕووی جوگرافیشەوە نزیکترین وڵات بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران  عێراقە، ئەمە جگە لە ڕایەڵی دیکەی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی و کلتوری و شارستانی کە ئەم دوو وڵاتە کۆدەکاتەوە.

وتیشی:" کۆمەڵێک دۆسێی گرنگ هەن کە لەم قۆناغەدا پێویستوایە لە نێوان هەردوو وڵاتدا گفتوگۆی وردی تێدابکرێت، لەوانە مەسەلەی درێژەکێشانی مانەوەی سوپای ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق کە بابەتێکە جێی بایەخی هاوبەشە وە پرسی هەندێک گروپی چەکدار لە ناوخۆی عێراق کە ڕەنگە عێراق وەکو دەوڵەت توانای کۆنترۆڵکردنیانی نەبێت و پێویستی بەهاوکاری و ڕێکەوتن هەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەروەها مەسەلەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا، کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە کە پەرەی پێبدرێت وە ئەو بابەتە دڵەڕاوکێی لای تاران دروستکردووە کە عێراق، پرۆژەیەکی هەیە کە لەڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە بەسەر چواردەوری کەتداوی عەرەبیدا دەکرێتەوە و وە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ تورکیا چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوتر، ڕەنگە دڵەڕاوکێکە ئەوەبێت کەئەمە لە مەودای دوردا ببێتە جێگرەوە بۆ هەندێک پشتبەیەکتربەستنی بازرگانی بەتایبەت لەلایەن عێراقەوە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بۆیە ئێرانیەکان پێیانخۆشە پەیوەندییە ئابوریەکانیان لەگەڵ عێراقدا گەشەبکات نەک پاشەکشەبکات.

عەدالەت عەبدوڵا، چادێری سیاسی، رونیشیکردەوە:" یەکێکی دیکە لەو بابەتانە دۆسێی ئەمنیش یەکێکە لەدۆسیە سەرەکییەکان بە لای ئێرانییەکانەوە، کۆتای هێنان بە ئەو بنکە و بارەگایانەی هێزە بەرهەڵستکاراکانی ئێران کە لەسەر سنورن، بابەتێکە جێی خواستێکی نەگۆڕ و سابتە بە لای ئەوانەوە و داوایان لە عێراق کردووە کە لەم بابەتەدا بێتە پێشەوە و تاڕادەیەکیش ئەم کراوە، بە دەلیلی ئەوەی کە عێراق لای خۆیەوە دەستیکردووە بە ئەوەی ئەو بارەگایانەی گروپە چەکدارانەی کە بەرهەڵستکاری ئێرانن بەتایبەتیش وەکو حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران و هەندێ گروپی دیکە، بنکەو بارەگاکانیان لەسەر سنوری ئێران دوربخەنەوە و شوێنێکی دیکەیان بۆ دابین بکەن کە هیچ مەترسییەک بۆسەر ئێرانییەکان دروست نەکات.

عەدالەت عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشکرد:" بابەتێکی دیکە کە جێی بایەخە بەلای عێراقەوە، مەسەلەی لایەنی گەشتیاری و ئاینیە کە بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ عێراق، ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنی زیاتر هەیە، چونکە خواست لەسەر لایەنی گەشتیاری ئاینی زۆر زیادە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆسەردانی کردنی ناوچە پیرۆزەکانی وەک نەجەف و کەربەلا، کە ئەوەش پێویستی بە ڕێکخستنێکی زیاتر هەیەو ئێرانیش مەبەستێتی ئەمە ڕێکبخات و هەندێک کێشە هەن لەو ڕوەوە چارەسەر بکرێن، جگە لەمانە دۆسێی دیکەی زۆرهەن بەتایبەتیش عێراق وڵاتێکە ڕایەڵی شارستانی و کولتوری دەیبەستێتەوە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، وە بەشێکی زۆری دانیشتوانی عێراق شیعە مەزهەبن و ئێرانیش بە هەمانشێوە شیعە مەزهەبن کە ئەمە کۆیان دەکاتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا دۆسێی جەنگی غەزە لە دۆسییە سیاسییە گرنگەکانە کە جێی بایەخی هەردوولایە و هەردوولا لەگەڵ ئەوەدان کە کێشەکە فراوانترنەبێت و ئەو جەنگە ڕابگیرێت وە هاوهەڵوێستیشن لە ڕووبەڕووبونەوەیان لەو جەنگەدا.

لەبارەی سەردانەکەی پزیشکیان و گرنگی ئەم سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان.  عەدالەت عەبدوڵا، چادێری سیاسی، ئاشکرای کرد: بە دڵنیایەوە هەرێمی کوردستان بەهەمانشێوە پەیوەندی بازرگانی و ئابوری و سیاسی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، کە بێگومان جێبەجێکردنی بەشێک لە پلانەکانی حکومەتی عێراقی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە جموجوڵی گروپە بەرهەڵسکارەکانی ئێران، کە ئەمەش بابەتێکی گرنگە بە لای ئێرانییەکانەوە، ئەمە جگە لە هەندێک دۆستایەتی سیاسی دێرین بەتایبەتیش لەناو حیزبە کوردییەکاندا وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئێرانییەکان بە دۆستی خۆیانی دەزانن، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا باشتر کردووە و هەوڵدەدرێت لە هەموئەمانەدا وەبەرهێنان بکرێت بەتایبەتیش بۆ لایەنی هەرێمی کوردستانیش ئەم سەردانەی پزیشکیان دەرفەتبێت بۆئەوەی پزیشکیان لەڕێگەی ئەو نفوزە بەهێزەی ئێران هەیەتی لە عێراقدا ڕۆڵێک بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی هەڵواسراو لە نێوان هەرێم و بەغداد.

لەبارەی هەوڵەکانی پزیشکیان، بۆئەوەی عێراق ڕازیبکات تاوەکو ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت لەنێوان و تاران و واشنتۆندا، عەدالەت عەبدوڵا چاودێری سیاسی، باسی لەوەکرد: لە سەردەمی سودانیدا ئەو تموحە بۆ ئێران لەبارترە، چونکە سودانی بە ئەزمونی ئەم دوو سێ ساڵەی بەڕێوەبردنی عێراق، هەوڵیداوە کە بە مەودای بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی عێراق پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی دابڕێژێتەوە، وە یەکێک لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی عێراق ئەوەیە کە ململانێی تەقلیدی نێوان تاران و واشنتۆن لەسەر حیسابی عێراق نەبێت، بۆیە ئەگەر جارێک لەبەر ئێرانییەکان یان ئەمەریکیەکان بێت ئەوا دووجار لەبەر سەقامگیری سیاسی و ئەمنی خۆیەتی، بۆئەوەی ڕۆڵێکی نێوەندگیر بگێڕێت لەنێوان هەردولادا و نزیکبونەوە ڕوبدات و لێکتێگەیشتن هەبێت لەجیاتی ئەوەی بەریەککەوتن هەبێت، ئەمەش دەکەوێتەسەر ئەو ستراتیجیەی کە ئیدارەی قۆناغی داهاتووی ئەمەریکا دەدات، چونکە ئێستا ئەمەریکا هیچ پلانێکی هەنوکەی نییە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بەهۆی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەڵام بێگومان ئیدارەی کۆشکی سپی لە داهاتوودا ئەگەر ترامپ بێت ڕەنگە ئەم نێوەندگیرییە ئاسان نەبێت، بەڵام ئەگەر دیموکراتەکان بوو ئەوا ئەگەری کرانەوە لە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن، ئەگەرێکی کراوە دەبێت و بەدڵنیاییەوە کە قۆناغی نوێش بەخۆوە دەبینێت.