گەرمیان؛ ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون تایبەت بەکرێنشینان دروستدەکرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە گەرمیان کۆمەڵەی کرێنشینان


Sep 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرەڕای دروستکردنی سەدان یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ لە لایەن کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لە سنورەکەدا کەچی تائێستا کێشەی کرێنشینان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان،  بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە و  سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان، لقی گەرمیان، ڕایدەگەیەنێت:" بەهۆی بەرزی نرخی ئەو یەکە نیشتەجێبونانەی کە لە ئێستادا دروست دەکرێن کرێنشینان نەیانتوانوە وەک پێویست سودیان لێوەربگرن.

سەیوان کەریم محمد، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان،لقی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لای ئێمەیە تائێستا نزیکەی 4300 کرێنشین لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بونی هەیە.

وتیشی:" لە ئێستادا مۆڵەتی دەستبەکاربون دراوە بە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لە سنورەکەدا کەژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون تایبەت بە کرێنشینان دروست بکات و بۆئەومەبەستەش 22 دۆنم زەوی تەرخانکراوە.

سەیوان کەریم محمد، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان،لقی گەرمیان، ڕونیشیکردەوە:"  لەو پرۆژەیە 900 یەکەیەکان دەکەوێتە قەزای کەلار و 240 یەکەیش لە قەزای کفری و 320 یەکەیش لە ناحێی ڕزگاری دروست دەکرێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان،لقی گەرمیان، ئاشکرایشیکرد:" ئەو یەکانە  لە شێوەی شوقە دروست دەکرێن و  چاوەڕێ دەکەین کە بتوانین لەم ڕێگەیەوە خزمەتێکی گەورە بەکرێنشینانی ناوچەکە بکەین، چونکە لەڕاستیدا کرێنشینان لە دۆخێکی سەختدا دەژین و هەمووئەو  یەکە نیشتەجێبونانەشی کە لە ئێستادا دروست دەکرێن بەهۆی بەرزی نرخەکانیانەوە هێچ خزمەتێک بە کرێنشینان نا کەن و کرێنشینان نەیانتوانوە وەک پێویست سودیان لێوەربگرن.

سەیوان کەریم محمد، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان،لقی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" لەڕابردوودا ژمارەیەک شوقەی دیکە بۆ کرێنشینان و خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان دروستکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەت ئامادەنییە پارە بۆ خاوەنی کۆمپانیای سەرپەرشتیاری ئەو پرۆژەیە تەرخانبکات بۆیە تائێستا بە تەواونەکرای ماونەتەوە و خێزانە هەژار و کەمدەرامەت و کرێنشینەکان نەیانتوانیووە سودی لێوەربگرن.