لە گەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگۆی هاوکاری دارایی دەرەکی بۆ لایەنە سیاسییەکان بڵاو بووەتەوە

(0) / / فایلی تایبەت / هەڵبژاردنەکانی عێراق


Jun 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەر جار دەنگۆی زۆر لە سەر هاوکاری دارایی وڵاتانی دەرەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان بڵاو دەبێتەوە.

نبراس ئەبوسودە یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بە پێی یاسای پارتە سیاسییەکان لە ساڵی 2015، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت کاروباری دارایی خۆیان ساڵانە ڕادەستی کۆمیسیۆن بکەن و سەرجەم حسێبە بانکییەکانی ئەوان لە ژێر چاودێری کۆمیسیۆندا بێت.

ناوبراو وتی کە یاسا بە تەواوی ئەمەی ڕوونکردووەتەوە و لە ئەگەری پێشێلکردنی لە لایەن هەر حیزب و کاندیدێکەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

بە وتەی ئەبوسودە، سزای پێشێلکارانی ئەم یاسایە لە غەرامەی دارایی تا ڕێگری لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانە.

پاڵپشتی دارایی لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بابەتێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە بووە. ساڵی 2015 پەرلەمانی عێراق یاسایەکی پەسەند کرد کە ئەم بابەتەی تێدا ڕوون کراوەتەوە.

تاق حەرب پسپۆڕی یاسایی عێراق ڕایگەیاندووە کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە پابەندی یاساکەی پەرلەمان نەبوون.

فازل فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەیەوێت ڕێگری لەم دیاردەیە بکات، دەبێت میکانیزمی ڕوبەڕوبونەوەشی بخاتەڕوو.

بەڵام سەجاد سالم لە ڕێکخەران و چالاکوانانی خۆپێشاندانەکانی عێراق لە پارێزگای زیقار کە دەبێتە کاندیدی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی ئۆکتۆبەر، پێی وایە ئەم بابەتە تەنیا بۆ تۆمەتبارکردنی چالاکوانانی خۆپێشاندانەکان باس دەکرێت.

ناوبراو وتی کە کێشە داراییەکانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەم دەنگۆ و تۆمەتبارکردنە بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی دەرەکی بەتاڵ دەکاتەوە./.