کۆچی بەکۆمەڵ بۆ ناو یەکێتی / عومەر عەلی
(0) /
ڕوانگە - هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەروەختێکدا ئەنجام دەدرێت، کە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان سەرقاڵە بە ڕێكخستنەوەی ڕێڕەوی حكومڕانی و گەڕاندنەوە بۆ خواستەكانی خەڵك. ئەمەیش بە پەیڕەوکردنی ستراتیژی یەکێتیی کۆمەڵانی خەڵک و یەکێتیی خوێندەوار و گەنج، یەکێتیی بەرەی پێشکەوتنخواز و دیموکراتخواز. بۆیەش کۆچی بەکۆمەڵی سەرکردە و چین و توێژەکان بۆ ناو ئەم حیزبە کەوتۆتە ئەم بەروارەوە، ئەگینا دەمێکە خوێنی تازە بە ناو دەمارەکانی ئەم حیزبەدا دەگەڕێتەوە. یەکێتییەکەی جاران، چونکە حیزبی خوێندەوار و گەنج و شار بووە، بەرنامەکەی هێندە تازە و پێشکەوتنخواز و نوێ بووە، تەنها بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ڕەسەنەکەی، زۆر هاوکێشەی ئاڵۆزی ناوخۆیی و هەرێمایەتیش دەگۆڕێت.
ئەم خەسڵەتە ڕێک ناسنامەی ئەم حیزبەیە، هەموو حیزبێک بۆ ئەوەی خۆیان بگۆڕن و لەبەردەم لەمپەرەكانی سەردەمدا بەهێز بن، ناچارن هەنگاوی نادیار بەرەو ئایندە بنێن، بەڵام یەکێتی وا نییە، یەکێتی چونکە خەرمانێکی زێڕینی هەیە، مێژویەكی ھەیە، بەرچاوی ڕوونە، تەنیا بەهێمنی دەگەڕێتەوە سەر مڵۆی زۆر و ئەزموونی سیاسیی خۆی. گەڕاندنەوە بۆ شوێن پێی نەوەی زێڕینی یەکێتی و پرەنسیپەکانی، زۆر ئاسانترە لە هەنگاونان بۆ داهاتوویەکی نادیار.
ئەم حیزبە هیچی تر نەکات، تەنیا بگەڕێتەوە سەر ڕابردووی خۆی و مێژووی خۆی جۆگەلەی سیاسیەت دەگەڕێتەوە سەر سەرچاوەی سازگاری خۆی بۆ یەکێتی، هەڵبژاردن تەنیا یەکێک لە وێستگەکانی نوێبوونەوەی سیاسی دەبێت. ئەگینا چەندین وێستگەی تری بۆ نوێبوونەوەی خۆی داناوە.
یەکێتی ئێستا زیاتر لە هەسارەیەک دەچێت، کە توانای ڕاکێشان و لە خۆگرتنی هەموو ئەو پارچانەی هەیە کە بە هەر هۆکارێک لێی جیابوونەتەوە. نەک هەر ئەوە، هێزی ڕاکێشانی یەکێتیی ئێستا لەوەیش زیاترە، ئەم حیزبە ئێستا خەونی گەورە دەبینێت کە هەموو چین و توێژێک دەتوانێ خۆیی تیا ببینێتەوە. دەرکەوت عەدالەتی ئابووری و باڵانسی سیاسی بەبێ بوونی یەکێتی نەخۆش دەکەوێت، یەکێتی دەرمانی زۆر دەردە، پرۆسەی سیاسی بێ یەکێتی، نووقسانییەکی گەورەیە، چونکە یەکێتی لێرە بەدوا تەنیا حیزبی ئەندام و لایەنگر و کادیر نییە، بەڵکو شەپۆلێکی گەورەی سیاسییە، کە لە دەرەوەی ئۆرگانە حیزبییەکانیشەوە، دۆست و هاوسۆز و هاوبیری هەیە.
کۆچی بەکۆمەڵی سەرکردە و هاووڵاتییان و چین و توێژەکان، تەنیا بۆ باوەشی یەکێتی نییە، بەڵکو بۆ باوەشی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانییە، بۆ باوەشی عەدالەتی ئابووری و باڵانسی سیاسییە، بۆ باوەشی ئەو نەهج و باوەڕە تازانەیە، کە تەنیا یەکێتی ئەتوانێ بیانپارێزێ. ماوەتەوە بڵێم لە ئـاییندەدا بە پشتیوانی خوداو كۆمەڵانی خەڵك ئەوەی مەحاڵە دەبێتە ڕاستی و لە گۆڕەپانی سیاسی ڕەنگدانەوەی دەبێت.
تێبينيێك بنێرە: