ئامانجە شاراوەکەی  پرۆسەی سەرژمێری ئەمجارە کۆتایی پێهێنانە بە ماددەی 140 و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان سەرژمێری ماددەی 140 هەرێم


20 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - مامۆستایەکی زانکۆ مەترسییەکی گەورە لەسەر پرۆسەی سەرژمێری ئەمجارەی عێراق دەخاتە ڕوو وە ڕایشیدەگەیەنێت:" بەم سەرژمێریە کە بڕیارە ئەنجامبدرێت  ئێمە نیوەی خاکەکەمان لەدەستدەدەین، وە دڵنیاشتان دەکەمەوە کە ناگاتە 10 ساڵی دیکە  دووبارە سەرژمێری تازە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەسەر دەرئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 2024."

لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەسەر گرنگی و بایەخی پرۆسەی سەرژمێری و ئاماددەکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر تەحەدایەک کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی سەرژمێرییەوە ڕووبەڕووی هەرێم ببێتەوە، دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، دکتۆرا لە جیۆپۆڵەتیک و مامۆستا لە زانکۆی کۆیە، ڕایگەیاند:" سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە و بۆ گەشەسەندنی وڵاتە، پرۆسەیەکە بۆئەوەی توانا مرۆیەکان بخرێنە خزمەت وڵات لە پێناو خێراکردنی هەنگاوەکانی پێشکەوتن و دادپەروەری بەتایەت لە کەرتە خزمەتگوزاریەکان، بەڵام کاتێک ئاراستەی ئەم ئامانجانە گۆڕانکارییان بەسەردادێت ئەوە گرفتەکە لەوێدا سەرهەڵدەدات و مەترسییەکە لێرەدا دەردەکەوێت، لەکاتێکدا سەرژمێری پرۆسەی سیاسەتی دانیشتووانە لە پێناو گەشەسەندنی دەوڵەت، بەڵام کاتێک بەسیاسی دەکرێت و ڕووە سیاسیەکەی دەخرێتەڕوو بۆ تواندنەوەی لایەنێک و لەکەدارکردنی لایەنێکی دیکە ئەوا ئەوکات کۆمەڵکێک لێکەوتەی نەرێنی بەسەر پێکهاتە جیاوازەکان و ناوچە جیاوازەکان و پرۆسەی گەشەپێداندا دەهێنێت."

وتیشی:" لەدوای ساڵی 1987 ەوە سەرژمێری لە هەرێمی کوردستاندا نەکراوە و ئەو سەرژمێریەی ساڵی 1997 یش تەنها ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقی گرتەوە و ئەوکات ئەم ناوچانەی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ناسەقامگیردابوو وە ئەو سەرژمێریە کەموکورتی زۆری تێدابوو، کە ئەوەش وایکرد لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بەو سەرژمێریەدا نەنرێت، هەربۆیە لەم فەترە دورودرێژەدا هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە فەراغی داتای دانیشتووانی ورددان و هەرچەندە تائێستا هەرێمی کوردستان لە هەندێک ڕووەوە حەز بە ئەنجامدانی سەرژمێری ناکات، بەڵام لەگەڵ هەمووئەمانەشدا گرنگە هەرشارێک داتای وردی خۆی هەبێت."

لە بارەی ئامادەکاریەکانی حکومەتی هەرێمەوە بۆ پرسێکی گرنگی وەکو سەرژمێری، دکتۆر گەنجۆ، ڕونیکردەوە:" بۆ سەرژمێری ئەمجارەش هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکارییەکی نە تێوری نەکرداری هەیە و عێراقیش زۆر بایەخ بەم بابەتەی هەرێمی کوردستان نادات، هەرچەندە ئامادەکاریەکانی هەرێم پەیوەستە بە ئامادەکاریەکانی عێراقەوە، چونکە پرۆسەکە پرۆسەیەکی گشتگیرە و عێراق سەرپەرشتی دەکات، بەڵام وەکو خۆئامادەکردنێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر تەحەدییەک کە بەسەر نەتەوەکەماندا بێت بەداخەوە هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە و ئەوەندەش کە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا لەسەر ئەو بابەتە دروستکردووە، فشاری کەسانی ئەکادیمی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بووە، چونکە هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک بەڵێن سەرژمێری ساڵی 1957 ـی کردۆتە بنەما، بەڵام لەڕاستیدا ساڵی 1957 دەکاتە 67 ساڵ بەرلەئێستادەکات،  بۆیە بەهیچ شێوەیەک نابێتە بنەما لەسەر ئەوبابەتە و ئەمەش دوای تەواوبونی سەرژمێریەکە دەبینین."

لەبارەی هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەوە بۆ ئەنجادانی پرۆسەیەکی گرنگی وەک سەرژمێری، دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، دکتۆرا لە جیۆپۆڵەتیک و مامۆستا لە زانکۆی کۆیە، ئاشکرایکرد:" بەشێوەیەکی گشتی دەبینین هەلومەرجی ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیر و هەڵپرژاندایە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، خۆئەگەر تەماشای هەلومەرجی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکەین، ئەوا دەبینین دوبارە لەبارنییە بەتایبەت بۆ کورد و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، چونکە گومان لەوەدانییە کە ئەم ناوچانە دەبنە قوربانی دەستی ئەم سەرژمێریە و دەبێت فاتیحا بۆ مەرگی ئەو ناوچانە بخوێنین، وە ئەم سەرژمێریە دەبێتە جێگرەوەی ماددەی 140 بەبێ دوودڵی، وە حکومەتی عێراقیش سەبری هەیە لەسەر ئەوبابەتەو وادەکات تا خەڵک ئەوەی بیردەچێتەوە تائەوەی بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی یاخود لە لایەن لایەنە سیاسیەکانەوە دەردەچێت و ئەم بابەتە کۆتای پێدێت، چونکە پرۆسەی سەرژمێری خۆی ئامانجە شاراوەکەی کۆتای پێهێنانە بە ماددەی 140 و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە حکومەتی هەرێم، تاچەند لە پرۆسەیەکی گرنگی وەهادا سودی لە توانا و لێهاتویی و  شارەزایی  کەسانی شارەزا وەرگرتووە؟ دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، دکتۆرا لە جیۆپۆڵەتیک و مامۆستا لە زانکۆی کۆیە، ئاشکرایکرد:" زۆر بەداخەوە حکومەتی هەرێم سودی لەتواناو شارەزایی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا وەرنەگرتووە و چووەتە ژێر باری هەندێک بەرپرسیارێتییەوە بەبێ ئەوەی پرس بە هیچ کەسێک بکات و لەسەر ئەوبابەتە کۆنفرانسێکی گەورە ببەستێت و  تیایدا هەموو لایەنە حکومی و حیزبی و کەسانی ئەکادیمی تیایدا بەشداری بکەن، بۆئەوەی ئەم پرسە شەنوکەو بکەین و تێبگەین کە ئایە بەڕاستی ئەم سەرژمێریە مەترسی هەیە یاخود نا، تەماشابکە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە کەچی تازەبەتازە حکومەتی هەرێم مەرج بۆ حکومەتی عێراق دادەنێت، کە دیارە بابەتەکە کۆتایی هاتووە و تازە سەرژمێری دەکرێت، بۆنمونە ئەمڕۆ سودانی هاتووە کە دەبو کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە بکرێت، وە من پێموایە قیادەی کوردی هێندە خەمی پارە و پۆستیانە، هێندە خەمی خاکیان نییە و وە بەم سەرژمێریە ئێمە نیوەی خاکەکەمان لەدەستدەدەین ئەگەر ئەو سەرژمێرییە سەربگرێت وە دڵنیاشتان دەکەمەوە کە ناگاتە 10 ساڵی دیکە  دووبارە سەرژمێری تازە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەسەر دەرئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 2024"