ئیبراهیم عەبدولمەجید: دەمانەوێت هەرێمی کوردستان، بگات بە گەشت و گوزارێکی بەردەوام
(0) /
ڕوانگە - بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەمانەوێت هەرێمی کوردستان، بگات بە گەشت و گوزارێکی بەردەوام.
لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری، ڕوانگە، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:"پلانێکی هەشت ساڵەمان هەیە بەگوێرەی ئەو پلانە کاردەکەین بۆئەوەی هەرێمی کوردستان، بگات بە گەشت و گوزارێکی بەردەوام واتا ئێمە تەنها پشت بە وەرزی هاوین نەبەستین لە تەواوی وەرزەکان گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
وتیشی:" دیارە وەرزی زێڕینی ئێمە بۆ گەشت و گوزار وەرزی هاوینە، بەڵام خۆشبەختانە چەند ساڵێکە بە پلان واکراوە کە گەشتیاران لە وەرزەکانی دیکەش ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕونیشیکردەوە:" لە ئێستادا کە پێ دەنێینە ناو وەرزی پایز و دواتریش کە وەرزی زستان دێت، پلانەکانی ئێمە بەوئاراستەیەیە کە بتوانین چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین تابتوانین سەرنجی گەشتیارانی پێڕابکێشین،
ئیبراهیم عەبدول مەجید، ئاشکرایشیکرد:" بۆ وەرزی پایز لە بەرنامەماندایە چەند فیستیڤاڵێک ئەنجام بدەین، لەوانە: فیستیڤاڵی کولتوری، هونەری، فیستیڤاڵ بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و بە براندکردنی ئەو بەرهەمانە، کەدیارە ساڵی ڕابردوو ئەزمونێکی سەرکەوتوومان هەبوو لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر فیستیڤاڵمان ئەنجامدا ، کە بەشێک لەو فیستیڤاڵانە ڕاستەوخۆ دەستەی گەشت و گوزار سەرپەرشتی دەکرد و بەشێکیشیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی شارەکان ئەنجامدەدران.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" بۆ ئەمساڵیش درێژە بەوجۆرە فیستیڤاڵانە دەدەین، بۆنمونە لە هەڵەبجە ڤیستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێت کەچەند ساڵێکە سەرکەوتووانە ئەنجامدراوە و خەریکە دەبێت بە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی و وە لە ئاکرێ و زاخۆ و هەولێریش فیستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆیەکانمان دەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە کەرتی تایبەت چەندین ئاهەنگ و بۆنەی لەو جۆرە ئەنجام دەدرێت کە دواجار هەمووئەمانە وادەکەن سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشن.
ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان،ئاماژەی بەوەشکرد:" بۆ وەرزی زستان و بەتایبەت ئەوکاتانەی کە بەفردەبارێت ئەمە وادەکات سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران ڕابکێشێ، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لەو شوێنانەی کە گونجاون بۆ چالاکییە سەرکێشەکانی ناوبەفر چالاکیمان دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەی تەوومان داناوە لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان و خۆشبەختانە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان گەشتوگوزارێکی نیمچە بەردەوامی هەیە، واتا لە هەموو وەرزەکان گەشتیاران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکەن.
تێبينيێك بنێرە: