دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
(0) /
ڕوانگە - وەزارەتی دارایی وئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" لەگەڵ بەغدا لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستۆتەڕوو کە لەگەڵ بەغدا گەیشتونەتە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی، شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ( ٢٤٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە .
وەزارەتی دارایی، دوو خاڵی گرگی دیکەشی خستۆتەڕوو لەوانە: وەزارەت چاوەڕوانە لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە، هەروەها کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون، وە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە ، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا ( ٢٠٢٤/١٢/٣١ ) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.
تێبينيێك بنێرە: