ڕێکخستنی مەراسیمێک ماڵی گۆڕان پەرت دەکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان گۆڕان


Sep 28, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لەبارەى گرژییەکانى ناو گۆڕان و داخستنى دەرگاى گردى زەرگەتە کە بارەگاى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانە و ڕۆژی هەینی داخرا، چیا و نماى کوڕى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى کۆچکردوى گۆڕان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم چەند ڕۆژەدا باس لەوە کراوە کە لە گردی زەرگەتە مەراسیمێک ساز بکرێت بۆ بەرێز کاک عومەری سەید عەلی، کە یەکێکە لە تێکۆشەر و هاوڕێ دێرینەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بەڵام لە هەمان کاتدا  لە ناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی و هەڵسوڕاوان باس لە دیاریکردنی جێگرەوەی پۆستی ڕێكخەری گشتی بکرێت لە ناو ئەم مەراسیمەدا، واتە لە بری کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی لەم مەراسیمەدا بڕیار لە چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن، کە ئەمەش نیگەرانی قوڵی لای بەشی زۆری ئەندامانی هەردو جڤات و هەڵسوڕاوەکان دروستکردوە و بە پێشلکردنێکی ڕونی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە.

‌‎ئەوەشیان خستۆتەڕوو:" بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەمو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە.

دەشڵێن: وەک دو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستوری ناوخۆی و جڤاتەکان ئەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەر گرژیەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور ئەبێتەوە.

داوا لە هەمووان دەکەن، ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت لە دەرەوەی گردەکە با بە گفتوگۆ و ئارامی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕاندا چارەسەری بکەن و ئەو کات بە لێکتێگەیشتن و یەکگرتوی و لە کەشێکی ئارامدا جارێکیتر دەست پێبکەن بە کاری پێکەوەیی.