زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە
(0) /
ڕوانگە - زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو”ی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە دەڵین، لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن ڕێکخەری گشتی دابنرێت، ئەوان دەیانەوێت بە کودەتا و وەکالەت دابنرێت.لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردووە، بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستوور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە، دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە.دەقی ڕاگەیەندراوی زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان:هاونیشتیمانیانی بەڕێز
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگاری سلێمانی
دامودەزگا ئەمنیەکان
هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان و رەوەندی کوردی
ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، رەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستور رێگری لە پیلان و موئامەرە ئەکەین. رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردووە. بزاوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە.لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ. ئەوان ئەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێ. ئەمەش لە دنیادا نموونەی نیە!رێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش (3) ساڵ لە 13ی 10ی 2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیەندراوی رەسمیان بڵاو کردەوە.لە هەمان کۆبونەوەدا جڤاتی نیشتیمانی لە راگەیەندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشیان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونیە.رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی! بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییە بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە.ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بە نیازن بە موئامەرە و لە ژێر ناوی کۆبونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک رێی لێ ئەگرین. نیازی پشت ئەو کارە لە ناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەرپرسیارێتی تاریخی، قانونی و سیاسی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە.ئەوان لە کۆبونەوە تایبەتیەکان و لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێمەدا بە ئاشکرا ئەڵێن شەڕ و ئاژاوە دروست ئەکەن و ئینشیقاق ئەکەن. بێباکن لە ئەنجامدانی تاوان.لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ رێگری لە ئاژاوە و لە پێناو سەلامەتی هەموواندا. ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ.ئەرکی دامەزراوە رەسمیە حکومیەکان و پارێزگار و دەزگا ئەمنیەکانەوە هێمنی و ئاسایش بپارێزن.
زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراو
٢٧ی ٩ی ٢٠٢٤
تێبينيێك بنێرە: