ڕۆژ هەڵەبجەی: میهرەجانی ڕۆشنبیری لەبەغدا، هۆکارێکبوو بۆ تێکەڵبوونی شاعیرانی کورد و عەرەب
(0) /
ڕوانگە ـ ژمارەیە لە شاعیران و نوسەرانی کورد، بەشداری لە میهرەجانی ڕۆشنبیری لە شاری بەغدا ی پایتەختی عێراق دەکەن و یەکێک لە بەشداربووانی میهرەجانەکەیش بۆ ڕوانگە ڕایدەگەیەنێت:"ئەم میهرەجانە تێکەڵەیەکی جوانبوو بۆ هەردوولا و بوو بە پردێکی پەیوەندی لە نێوان شاعیران و نوسەران و ئەدیبانی کورد و عەرەبدا."
ڕۆژهەڵەبجەی شاعیری دیاری کورد و یەکێک لە ئەندامانی نوسەرانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" میهرەجانەکە بە بۆنەی 120 ساڵەی لە دایک بونی شاعیری هاوچەرخی کورد ( عەبدوڵا گۆران ) بەڕێوە چوو."
وتیشی:" ئەم میهرەجانە زۆرجار لە کەرکوک بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمجارە میهرەجانەکە لە بەغداد، بەڕێوەچوو، کە میهرەجانێکی ئێجگار جیاواز و تایبەت بوو، کە بەتایبەت بوو بە یادی لەدایکبوونی شاعیری هاوچەرخی نوێخوازی کورد، "گۆران" کە شیعری کوردی تازەکردەوە و داهێنانی کرد لە ئەدەبی کوردیدا."
ڕۆژ هەڵەبجەی ڕونیشیکردەوە:" ئەم میهرەجانە یەکێکبوو لەو میهرەجانە تایبەتانەی کە لە بەغدادا دەنگی دایەوە و عەرەبەکانیش زۆر بەسۆزەوە پێشوازییان لەم شاعرە گەورەی کورد کرد، کە ئەمە جێگای خۆشحاڵی بوو بۆ ئێمە وەک نوسەرانی کورد بەشداریمان کرد."
ڕۆژهەڵەبجەی، ئەندامانی نوسەرانی عێراق، باسی لەوەشکرد:" ئەم میهرەجانە تێکەڵەیەکی جوانبوو بۆ هەردوولا و بوو بە پردێکی پەیوەندی لە نێوان شاعیران و نوسەران و ئەدیبانی کورد و عەرەبدا، کە لە کۆنیشدا ئەم پەیوەندییە هەر هەبووە، بەڵام دوژمنانی کورد نەیانویستووە هەردوولا تێکەڵ بین و نەهێڵن لەو ڕاستییە تێبگەن کە ئێمەش وەک کورد خاوەنی شاعیر و ئەدیب و نوسەری گەورەی وەک "گۆران" ین کە توانی لە تەمەنێکی کەمدا داهێنانێکی گەورە لە بواری شیعر و ئەدەبدا بکات."
تێبينيێك بنێرە: