تورکیا هەموو ڕێککەوتنەکانی ئاوی لەگەڵ عێراق پێشێلکردووە
(0) /
ڕوانگە - پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو ڕایدەگەینێت، تورکیا هەموو ڕێککەوتنەکانی پرسی ئاوی لەگەڵ عێراق پێشێل کردووە.
حوسێن مەردان ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا لە پشکی ئاوی عێراق هاتە دەنگ.
حوسێن مەردان بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی ڕاگەیاند، “وەک لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی سامانەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵ هەبووە و دەرکەوت، کە تورکیا پابەند نەبووە بە هەموو بڕیارەکانی پێشوو و ئەو بڕیارانەی کە لە نێوان حکومەتی عێراق و تورکیادا واژۆکراوە”.
حوسێن مەردان، باسی لەوەش کردووە، “لەگەڵ لایەنی تورکیا ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردانەوەی ئاو بە بڕی ٧٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشە، بەڵام تەنها ١٨٠بۆ ٣٠٠ هەزاری بەرداوەتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان دادەنرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو، دەشڵێت: “لە سەردانەکەماندا بۆ لای سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆماری عێراق، داوامان کرد چارەسەری جدی بدۆزینەوە بۆ سنووردارکردنی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها لە کۆنفرانسی ئاوی ئەندەنوسیادا داوامان لە تورکیا کرد کە بەشداری لە ڕێککەوتنی دەریا هاوبەشەکان و ئاوە هاوبەشەکان بکات، چونکە ئەم ئاوانە بۆ هەموو وڵاتانە نەک تەنها تورکیا”.
جەختیشی کردەوە، “بڕی ئەو ئاوەی لە تورکیاوە بۆ عێراق دێت زیاترە لە ٨٧٪، هەروەها لە ٧٪ لە ئێرانەوە دێت و لە ٨٪ـیش ئاوی ناوخۆییە، کە عێراق بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی تورکیا دەبەستێت”.
سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی ئاویش، مەردان ئاشکرایکرد، “پێویستە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بکات، چونکە بودجەی ئەم وەزارەتە کەمە و توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی بەشێوەیەکی ڕیشەیی نییە”.
جەختیشی کردەوە، کە پێویستە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و پێنج ترلیۆنیش بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ مۆدێرنکردنی ئاودێری تەرخان بکرێت، جگە لەم چارەسەرانە، عێراق و جووتیارەکان بەردەوام بەدەست قەیرانی وشکەساڵی گیرۆدە دەبن.
تێبينيێك بنێرە: