یەکێتی ئەو قورسایەی نییە کە خۆیان چاوەڕێی دەکەن

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە پارتی یەکێتی هەژار عوسمان حسەین هەڵبژاردن


Sep 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، هەژار عوسمان حسەین، کارگێڕی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:" لە ڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، کۆمەڵێک هاوکێشەی جیاوازی تێدایە یەکێک لەوانە؛ دوای ئەوەی کە بەبڕیارێکی دادگای فیدراڵی پەڕلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە و ئیشوکارەکانی ڕاگیرا و وە کورسییەکانی پەڕلەمانی کەمکردەوە بۆ 100 کورسی و هەڵبژاردنەکانی کرد بە چوار بازنەوە و دواتر بە پاڵەپەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، تونرا پێنج کورسی بۆ کۆتاکان بگەڕێتەوە، بۆیە بەگوێرەی ئەو داتا و دراساتانەی کە هەیە ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی دیکە هەم مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت هەمیش کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە کە تەماشادەکەین هەموو هێزە سیاسییەکان جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و خۆیان بەباشی بۆ ئامادەکردووە."

وتیشی:" یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کەوادەکات هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوزبێت ئەویش ئەوەیە لە زۆنی سەوز، کە کێبڕکێکان زیاتر لەوێن بەحکومی ئەوەی دوای ئەوەی "لاهور تاڵەبانی"  لە یەکێتی جیابویەوە و ئێستا لیستێکی جیاوازی هەیە، کە ئەوەش کاریگەری خۆی دەبێت، سەرەڕای ئەوەش چەندین لیستی جیایی کۆتا لە دەرەوەی کوردستان هاتوونەتە ناو کێبڕکێیەکەوە کە ئەوەش ڕوئیا و دیدگای جیاوازی دروست کردووە بۆ پرسی هەڵبژاردن."

هەژار عوسمان حسەین، ڕونیشیکردەوە:" هەموو ئەو هێزانەی کە دێنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە هەمووان هەوڵی ئەوەدەدەن کە زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن، وە یەکێتی یش کە حیزبێکی ڕکابەری پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەمێژە هەمیشە ئەو دوو حیزبە کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەیە کە کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبێنن، وە یەکێتی، لە کەرکوک ئەوەی بەدەستی هێنا و بەو ڕێکەوتنە ژێربەژێرەی کە کردی لە کەرکوک و موسڵ، پێیوایە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانیش  ئەوەی بۆ دەچێتەسەر ، بەڵام بەپێی ئەو واقعە سیاسییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەپێی ئەو باگراوەندە سیاسییەی کە لەهەرێمی کوردستان هەیە پێمانوانییە یەکێتی ئەو قورسایەی هەبێت کە خۆیان چاوەڕێی دەکەن، بەڵام دوای هەر هەڵبژاردنێک و بابەتێکی تەکیکی ڕەنگە کۆمەڵێک پرسیاری وەڵام نەدراوە لەدوای ئەو بابەتانەوە هەبێت، کە ڕەنگە دوای هەڵبژاردن ئەو پرسیارانە وەڵام بدرێنەوە."

لەبارەی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستانەوە، هەژار عوسمان حسەین، کارگێڕی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد:" هیچ کاتێک و لە هیچ هەڵبژاردنێکدا خەڵک هەمووی ڕازی نەبووە و لەهیچ زەمان و ڕۆژگارێک و لە هیچ کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و نا دیموکراسیشدا هەموو خەڵک ڕازی نەبووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە کوردستان و بەتایبەتریش دوای ئەو هەموو ئازار و مەینەتی و پاڵەپەستۆ و گەمارۆ و موئامەرەیەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەدراسەکراوی هەوڵیاندا کە خەڵک بێزاربکەن و ماندوبکەن و دەرونییەن لەڕێگەی نەهاتنی بودجە و مووچەوە خەڵکیان ماندووکرد، کە ئەمەش وایکردووە خەڵکی ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لە دەرئەنجامی ئەو هەموو پاڵەپەستۆ سیاسیانەی کە لەسەر هەرێمە خەڵک بێزارببێت و سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێک نادادی بونی هەیە کە ئەوانەش هۆکارن  بۆ بێزاربونی خەڵک، بەڵام تا بەرەو هەڵبژاردن بڕۆین و بانگەشەکان گەرموگوڕتربن زیاتر کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ئەو خەڵکانەی کە ناڕازین  ڕەئی خۆیان بگۆڕن و بەشداری لە پرسی هەڵبژاردندا بکەن، بۆیە پێموایە ڕێژەی دەنگدان وەک جارانی پێشوو نابێت، بەڵام خەڵک ئەکید ئەو حیزبانەی کە دڵخوازیانن دەنگیان پێدەدەن، وە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت، چونکە هەموو هێزەکان کێبڕکێی ئەوەدەکەن زۆرترین کورسی بەدەستبێنن، کەئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هۆشیاری و ئاگای خەڵک و ئایە کام حیزب لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان کاربکات، کە من پێموایە ئێستا بەراورد بە ڕابردوو خەڵک تێگەیشتی باشترە بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان."