لە یەکتر زویر بوونی دیجیتاڵی / محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
(0) /
ڕوانگە - لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا زۆر جار خزم و دۆست، لەپاڵ پەیوەندیی بەهێزیشیاندا هەندێ جار ساردی و ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیانە، بە هەر هۆکارێک بووبێت و پاش بەینێک ڕیش سپی و خێرخوا کەوتوونەتە نێوانەوە و ئاشتیان کردوونەتەوە، یان هەر خۆیان لە بۆنە و جەژنێکدا ئاشتبوونەتەوە و هیچ لە نێونیاندا نەماوە و پەیوەندییان لە جاران گەرموگوڕتر بووەتەوە. لەم چەرخ و زەمانی سۆشیاڵ میدیایەشدا، کە خەڵکی لای ئێمە بەزۆری سەرقاڵی فەیسبووک و بەزم و ڕەزمە دیجیتاڵییەکانی ترن، زویری و دڵئێشان و گلەیی و بناشتی سەردەمی جیهانگیریی هەیە. تۆ بە چیدا دەزانی دۆستەکەت یان خزمەکەت لووتی لێکردوویت و لێت زویر بووە، بەوەی کە شتێک دادەبەزێنیت، یان بە قەولی فەیسبووکچییەکان پۆستێک دەکەیت، تەماشا دەکەیت نە لایکت دەکات و نە کۆمێنتیشت بۆ دەنووسێت و لە دڵی خۆتدا دەڵێی دەبێ هۆکار چی بێت کە ئەم دۆستەم، یان بە قەولی خۆیان ئەم فرێندەم هیچ کاردانەوەیەکی نییە و کەچی کاتێ دەیشیبینیت بە شێوەیەکی ئاسایی سڵاوت لێدەکات و خۆیشی ناباتە بارێک کە لێت زویرە. ئەمە تومەز تۆڵەی ئەوەت لێدەکاتەوە کە تۆ بۆ پۆستێکی ئەو کاردانەوەی لایک و کۆمێنتت نەبووە و دیارە لەم حاڵەتەدا مەسەلەکە وەک پەندی "شین و شایی دەستەوایی" لێهاتووە. تا ئێرە ئاساییە بەڵام نائاسایی لەوەدایە کە ئەگەر دڵئێشانە کۆمەڵایەتییەکە قووڵ بووەوە، ئەوە دوو لای لێکتر زویر بەتەواوی یەکتر دەسڕنەوە یان بە پێی زاراوە دیجیتاڵییەکە یەکتر بلۆک دەکەن و هیچ بۆنەیەکی جەژن و تێکەوتنی دەمسپییان بەیەکتریان ناگەیەنێتەوە. زۆر هەن لەم سەکۆ دیجیتاڵییەوە جەنگی مەغڵووبە لەدژی یەکتر ڕادەگەیەنن و لە شەڕە گەڕەکی جارانی شارەکان و شەڕە کوتەکی ناو ئاوایی دێهاتی تێدەپەڕێنن و سەرباری بوونی جۆرە یاسا و ڕێسایەکی مامەڵەی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی و سزادان لەسەری بەڵام هەر پێشێل دەکرێت و لەگەڵ خۆیدا دەردی نوێی کۆمەڵایەتیشی هێناوەتە ئاراوە. ئێستا وا کەوتووەتووەتەوە کە شەڕ و دوژمنکاریی سۆشیال میدیا نەک هەر بواری کۆمەڵایەتی بەڵکو سیاسی و بوارەکانی تریشی بە شێوەیەکی قێزەون گرتووەتەوە و بووە بە خۆرەی مێشک و دەروون و چالاکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و لە پاڵ باشە زۆرەکانیشیدا کە ئەگەر بە ڕێکی و وریایی و زانستی بەکاری بێنیت، بەڵام لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی هێند زۆر بووە کە خەریکە تەواوی بەهاکانمان لە گرێژەنە دەبات و تادێت قەیرانی مۆراڵ و ئاکاری زۆرترمان بۆ دروست دەکات و مرۆڤی سەردەم بە شێوەیەک لە قاڵب دەدات و دەگۆڕێت کە چیتر خۆی نەناسێتەوە. پرسیارە ترسناکەکە لەوەدایە کە ئاخۆ بۆ داهاتووی نزیکمان، نەک دوورمان، چی لە گۆڕێدایە و بەرەو کوێمان دەبات و ئاخۆ زیرەکیی دەستکرد لە ئایندەی نزیکی مرۆڤدا بەرەو چ ئاقارێکمان دەبات و چۆن لەگەڵ خۆیدا لوولمان دەکات. ئاخۆ وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند دەمێنینەوە یان هەموو توانا و ئیرادەیەکمان کۆنترۆڵ دەکات و بە یەکجاری لەدەست دەردەچین و شتێکمان لێ نامێنێتەوە کە ناوی مرۆڤ بێت!
تێبينيێك بنێرە: