عەلی حەمەساڵەح بۆ ڕوانگە: دەتوانین دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان دروست بکەین
(0) /
ڕوانگە - عەلی حەمە ساڵەح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"هەڵبژاردنی ئەمجارەی پڕلەمانی کوردستان، کۆمەڵێک جیاوازی هەیە، چونکە کوردستان کوردستان بووە بە چوار بازنەی هەڵبژاردنەوە کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە کۆتاکانیش بە فۆرمی جاران نەماوە هەروەها لە پاڵ ئەلیکترۆنی دەستیا هەردوکیان بەراورد دەکرێت، وە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە بۆئەوەی هەڵبژاردنەکە بەخاوێنی بەڕێوەببات، چونکە هەڵبژاردنی عێراق لەپێشە بۆ ساڵی ئایندە، ئەگەر لەمەدا شکست بێنێت بەتەواوەتی متمانە لەدەستدەدات و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ساڵی ئایندە."
وتیشی:" لە ئێستاوە هەست بەوەدەکرێت وردەوردە ئومێدێک دروست دەبێتەوە و ڕێژەی بەشدارکردن زیاد دەبێت و هەردووپارتی دەسەڵاتدار لە ترسێکی زۆردان بەو پێیەی فشار لە دەنگدەران دەکەن و کارتی دەنگدان و کۆپی کارتی دەنگدان لەخەڵک وەردەگرن کە ئەوانە هیچ بەهایەکیان نییە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەو بەهایەی نەبوایە ئەوا یەکێتی و پارتی ئەو هەموو زەخت و فشارەیان نەدەکرد."
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، ڕونیشیکردەوە:" دەبێت خەڵک بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکات، بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستان کارێکی زۆر زۆر خراپ دەبێت دوای ئەم هەموو لێبڕینی مووچە و دزینی ئەم هەموو تانکەرە نەوتە و دوای ئەم هەموو تاڵانییە و ئەم هەموو نەهامەتییە یەکێتی و پارتی بڵێن ئێمە زۆرینەین ، ئەگەر زۆرینە بێننەوە دڵنیابن پاش هەڵبژاردن بێمنەتتردەبن دۆخی مووچە و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت، بۆیە گرنگە ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆربێت و دژی ئەم هێزانە دەنگ بدات."
لەبارەی پەرتبوونی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان و کاریگەرییان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، عەلی حەمە ساڵەح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، ئاشکرایکرد:" هیچ کێشەنییە کە لە ئێستادا هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون، دەکرێت ئەمە بکەین بە خاڵی بەهێز، بۆنمونە خەڵکێک لەوانەیە لایەنێکی قبوڵبێت، بەڵام لایەنێکی دیکەی پێ قبوڵ نەبێت، بەمە دەتوانین زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە، بەڵام گرنگە دوای هەڵبژاردن کەس نەترازێ بە ئاراستەی پارتی و یەکێتی، ئەوکات ئەگەر زۆرینەبین دەتوانین هاوپەیمانی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان پێکبهێنین بۆیە پێش هەڵبژاردن ئەگەر بەش بەش بوونی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان لایەنی خراپی هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لایەنی باشی هەیە و دەتوانین بیکەین بەهۆکارێک بۆئەوەی زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە، چونکە زۆرترین کاندیدت هەیە و زۆرترین بژاردە لەبەردەم دەنگدەردا هەیە، بەمەرجێک دوای هەڵبژاردن کەس نەچێتە پاڵ پارتی و یەکێتی."
تێبينيێك بنێرە: