شاتین قەرەداغی: ڕێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن زۆربێت، ئەوا گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسیدا ڕوودەدات
(0) /
ڕوانگە - شاتین قەرەداغی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان زۆربێت، ئەوا گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسیدا ڕوودەدات.
لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی گرنگی و بایەخی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردساتن و کاریگەریی دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاتین قەرەداغی، بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ڕایگەیاند:" هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان ئەگەر لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت ئەوا جیاوازییەکەی بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشوو ئەوەیە، کە لە لایەن کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە چاودێری دەکرێت، هەروەها تەواوی هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتی عێراقەوە، کە ئەوەش کاریگەرییەکی تاڕادەیەک باشی دەبێت بۆسەر هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی خەڵکی دڵنیابن لەوەی کە دەنگەکانیان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت."
لەبارەی کاریگەریەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاتین قەرەداغی، ڕونیکردەوە:" کاتێک دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن کاریگەری هەیە و کاتێک گۆڕانکاری دروست دەبێت، کە خەڵکی بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەگەر وەکو هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک ٢٥٪ بێت ئەوا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی هەرێم ڕوونادات، بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی دەنگداندا زۆربێت ئەوا بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسیدا دروست دەبێت، کاتێک لە ناوخۆدا گۆڕانکاری دروست ببێت و هێزە براوەکان حکومەتیان پێکهێنا و ئۆپۆزیسۆنێکی بەهێزمان هەبوو ئەوا بەدڵنیاییەوە لە لایەن حکومەتی عێراقیشەوە جیاوازتر لە ڕابردوو سەیری هەرێمی کوردستان دەکرێت و پەیوەندییە سیاسیەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردادێت."
شاتین قەرەداغی، بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێمە تێدەگەین لەوەی کە خەڵک زۆر ناڕەحەتە و بەدرێژای ٣٢ ساڵی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتدارانی کورد نمونەیەکی جوانی حکومڕانیان پیشان نەداوە کە خەڵک هیوایەکی هەبێت، بەڵام بە نەشچونمان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان واتە قبوڵکردنی ئەم بارودۆخە ، بۆیە ئەگەر ئێمە ئەم بارودۆخەمان پێ قبوڵ نییە و پێمان وایە غەدرمان لێکراوە، کەواتە چی ڕێگە چارەیەکی دیکەمان لەبەردەستدایە جگە لە هەڵبژاردن، بۆیە گرنگە هاوڵاتی بەشداری لەپرۆسەی دەنگداندا بکات و دەنگ بەکەسێک بدات، تەنانەت ئەگەر هیچ هێز و لایەن و کەسێکیشی بەدڵ نەبێت ئاساییە دەنگەکەی خۆی بسوتێنێت نەک نەچێت بۆ دەنگدان و کەسێکی دیکە لەبری ئەو دەنگبدات."
تێبينيێك بنێرە: