سەرۆك کۆمار: مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو و بەردەوامە

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان عێراق


Oct 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، سەرۆك کۆمار ڕایگەیاند: مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو و بەردەوامە و هەڵوێستی دوژمنیش سوکایەتییە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان

بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بەشداری لە کۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد، کە رۆژی دووشەممە 30-9-2024 لە بەغداد بەڕێوەچو.
لە کۆبونەوەکەدا باس لەو پێشهاتە مەترسیدارانە کرا، کە ناوچەکە بەخۆیەوەدەبینێت و لێکەوتەیان لەسەر وڵات هەیە.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەروەریی عێراق و کارکردنی جدی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ‌وڵاتدا، هاوکات هەڵوێستی کوتلە و لایەنە سیاسییەکانی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین و گەلانی ناوچەکە لەڕێی میدیا و هەروەها لەڕووی سیاسی و مرۆییەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی کراوە و بەردەوامە و بڕیاری حکومەتی دوژمنیش بۆ کوشتنی منداڵ و ژن و خەڵکی مەدەنی سوکایەتیکردنە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
هاوکات سەرۆك کۆمار پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکانی لەم هەلومەرجە هەستیار و مەترسیدارەدا دوپاتکردەوە، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت. جەختیشیکردەوە لەسەرئەوەی گرنگە بڕیارەکان بە کۆدەنگی بن و لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسییەکانەوە قبوڵکراوبن و کاریش بکرێت لەسەر یەکڕیزیی بەرەی ناوخۆیی.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش کە لە دەرەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتن، بەمەبەستی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین لەڕووی ئاسایش، سیاسی، میدیایی و مرۆیی. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی ڕوونیان هەیە لە دژی دەستدرێژی دوژمنکارانە و پشتیوانی لە مافی چارەنوسی گەلی فەڵەستین و دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن لەسەر تەواوی خاکی نیشتمانەکەیان.
لە کۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا باس لە لێکەوتەی بەردەوامی دەستدرێژیی دوژمنکارانەی زایۆنی کرا بۆسەر لوبنانی برا.
هەروەها لە میانی کۆبونەوەکەدا، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژیی دڕندانە و زوڵم و ستەمکاری و پێشێلکردنی سەروەری.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا راگەیاندنی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و تەواوکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانێتییەکە لەسەر خاکی عێراق تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، تاووتوێ کرا.
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت جەختیشیکردەوە لە گرنگی یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە زووترین کاتدا و داوای بەردەوامی هەوڵەکانی کرد لەوبارەیەوە.