سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە سەقامگیریی عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئۆقرەیی ناوچەکەیە

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید


Oct 02, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کرد و جەختیکردەوە سەقامگیریی عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئۆقرەیی ناوچەکەیە.
بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە بەڕێز قاسم ئەلئەعەرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کرد.
لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە  2-10-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، دوایین پێشهاتەکانی رەوشی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، سەقامگیریی عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ ئۆقرەیی ناوچەکە بەتایبەتی ئێستا کە روبەڕوی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە. هەروەها ئاماژەی کرد بۆ پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری و چڕکردنەوەی هاریکاری لەنێوان هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییەکان و مەترسییەکانی لەئارادان.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەی دەکرێتەسەر هەردوو گەلی لوبنان و فەڵەستین، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابوریی ناوچەکە هەیە، لەم روانگەیەوە پێویستە بەرەی ناوخۆیی بەهێزبکرێت و گیان و سامانی هاووڵاتیان بپارێزرێت لەڕێگەی پاراستنی سنورەکان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر و بنەبڕکردنی سەرچاوەکانی و بەرەنگاربونەوەی باندەکانی تاوانی رێکخراو.
لەلای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی رونکردنەوەیەکی لەسەر بارودۆخی ئەمنی و پلانەکانی پاراستنی سەقامگیریی وڵات و ناوچەکە خستەڕو.