پەیامی یەكێتی لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مام جەلال
(0) /
ڕوانگە - بۆ ساڵرۆژی كۆچی دوایی مام جەلال، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: “سەرۆك مام جەلال رچەشكێن و سەرمەشقی برایەتی گەلان و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عیراقیش بوو”.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ژێر چەتری رابەرایەتی و سەرۆكایەتی ئەودا ئازادی بیروڕا، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ خەباتی مەدەنی و دیموكراسیانەی هەموو چین و توێژەكان بەمافی بێچەند وچۆنی ژنانیشەوە گەشە و نمای كرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەمرۆ لە كاتێكدا یادی ماڵئاوایی ئەو رابەرە مەزنەمان دەكەینەوە، كوردستان وعێراق زۆر پێویستیان بە دونیابینی و حیكمەت و دانایی سەرۆك مام جەلال هەیە، لەسەر ئاستی كوردستاندا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازداین، كە لەسەر ڕێبازەكەی نەخشەی حوكمرانی و هێز بە قازانجی دیموكراسی و باشبوونی باروگوزەرانی خەڵكی كوردستان وەردەچەرخێنین”.
دەقی پەیامەكە:
لەرۆژێكی وەك ئەمرۆدا لە 3ی ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان و عێراق و جیهان، ڕابەرێكی مەزن، شۆرشگێرێكی پشوودرێژ ، دیپلۆماتكارێكی بەتوانا و نوسەرێكی بە سەلیقە و مافناسێكی دادپەروەر و یەكسانیخواز و سیمبولی پێكەوەژیان و خەباتی دیموكراسی لەدەستدا.
كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سكرتێری یەكێتیی و رابەری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان،یەكەم سەركۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدراڵ، هەموو لایەكی خەمبار و دڵتەنگ كرد، چونكە مام جەلال لە ئەزموونی خەبات و تێكۆشانی زیاتر لەشەست ساڵیدا ، هەمیشە داكۆكیكار بوو لە كۆمەڵانی خەڵك ، لە ڕەنجدەرانی بیروبازوو، بەرگریكار و خەمخۆری خانووە قوڕەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و كەم ئەندام و زیندانیانی سیاسی بووە، هەموو هەوڵ و جولە دیپلۆماسیەكانی بە ئاراستەی بەدیهێنانی دیموكراسی و ئاشتی و دیموكراسی و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بووە بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە.
مامی گەورەمان رچەشكێن و سەرمەشقی برایەتی گەلان و چارەسەركردنی كێشەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێزە سیاسیەكانی كوردستان و عیراقیش بووە، لە ناوچەكەش فاكتەری سەقامگیری و پەیوەندی باش و هاوسەنگ بووە لەگەڵ دەر و دراوسێی، بە ئەزموون و بیری وردی ئیدارەی كێشەو قەیرانە زۆرو زەوەندەكانی داوە.
لە ژێر چەتری ڕابەرایەتیو سەرۆكایەتی مام جەلال دا، ئازادی بیرو ڕا، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ خەباتی مەدەنیو دیموكراسیانەی هەموو چین و توێژەكان بە مافی بێچەند وچۆنی ژنانیشەوە گەشە و نمای كردووە، لەسەر ئاستی توێژ و چینەكانی كۆمەڵگا، بڕوای بەهێزی بە خەباتی رێكخراو و سەندیكاكان هەبووە، تا لە رێگەی خەباتی پیشەیی و مەدەنیەوە بتوانن ماف و ئازادی زیاتر بەدەست بهێنن بە تایبەتی خەباتی خوێندكاران و لاوان و تێكۆشانی یەكسانیخوازی ژنان .
ئەمرۆ لە كاتێكدا یادی ماڵئاوایی ئەو رابەرە مەزنەمان دەكەینەوە، كوردستان وعێراق زۆر پێویستیان بە دونیابینی و حیكمەت و دانایی سەرۆك مام جەلال هەیە، لەسەر ئاستی كوردستاندا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازداین، كە لەسەر ڕێبازەكەی نەخشەی حوكمرانی و هێز بە قازانجی دیموكراسی و باشبوونی بارو گوزەرانی خەڵكی كوردستان وەردەچەرخێنین.
لە ئاستی عێراق و ناوچەكەش دۆخی دژواری بەریەككەوتن و شەڕ و ناكۆكی دەورانێكی ناجۆری دروستكردووە كە هەر بە رۆحی ئاشتیخوازانە و دەستپێشخەری دانایی تێزەكانی سەرۆك مام جەلال رێئ چارەسەری دەدۆزێتەوە .
جارێكی تر لەم یادە شكۆمەندەدا :
-سڵاو لە رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال، شكۆی نەتەوە و نیشتمان، سەممام ئەمانی وڵات.
-نەمری بۆ گشت شەهیدانی گەلی كوردستان، شەهیدانی دیموكراتی و رزگاری عێراق لە ستەمكاری و دیكتاتۆری.
هەر ئاوەدان بێت رێبازی مام
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣ ی تشرینی یەكەمی٢٠٢٤
تێبينيێك بنێرە: