موشەکە هایپەرسۆنیکانی ئێران، ڕۆڵیان هەبوو لەڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی شەڕێکی هەمەلایەنە
(0) /
ڕوانگە -شرۆڤەکارێکی ئەمنی، ڕایگەیاندووە:" هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ڕۆڵی هەبوو لەڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی شەڕێکی هەمەلایەنە لەڕێگەی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەی هێز لەنێوان هەردوو لایەندا.
ئەحمەد بریسم شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقیی، بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕایگەیاندوە:" هێرشە موشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە بۆسەر ئیسرائیل سێ ڕاستیی ئاشکراکردوە، لەناویاندا سەلماندنی بونی موشەکی هایپەرسۆنیک لەلایەن ئێرانەوە کە پێشتر گومان لەبانگەشەکانی ئێران لەوبارەیەوە دەکرا.
بریسم، وتویەتی:" ئەو سێ ڕاستییەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران ئاشکرایکردون بریتین لە:
* شکستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت: بێتوانایی ئەم سیستەمە لەڕوبەڕوبونەوەی موشەکەکانی ئێران، ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی توانا موشەکییەکانیو کاریگەریی ئەم چەکانە لەگەیشتن بەئامانجەکانیان، ئەمەش هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێران بەرزدەکاتەوە
* ئێران بانکێکی ئامانجی بەرفراوانی لەناو ئیسرائیلدا هەیە: هێرشەکە ئاشکرایکرد کە ئێران توانایەکی گەورەی هەیە لەبەئامانجگرتنی دامەزراوەو بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل، هەر ئەمەش وایکرد تەلئەبیب لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئێران سڵبکاتەوە
* خاوەندراێتیکردنی موشەکی هایپەرسۆنیک لەلایەن ئێرانەوە: سەرەڕای ئەو گومانانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن ئەمریکاوە هەبون، ئێران توانای خۆی بۆ بەکارهێنانی ئەو موشەکانە سەلماند، ئەمەش بوە هۆی شکستی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی لەڕێگریکردن لەزۆربەیان، ئەمەش توانای ئێران بۆ گەیشتن بەچەندین ئامانج لەناوخۆی ئیسرائیل بەرزدەکاتەوە.
ئەحمەد بریسم، ڕونیشیکردۆتەوە:" بەکارهێنانی موشەکی هایپەرسۆنیک (خێراتر لهدهنگ) لەلایەن ئێرانەوە ڕێگربوو لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل، چونکە هەر کاردانەوەیەکی ئیسرائیل لەباریدا هەبوو ببێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی موشەکەکان بۆ لێدانی دامەزراوە ستراتیژییەکانی وەک ڕیاکتۆری ئەتۆمی لەبیابانی نەقەب یان دامەزراوەکانی دەرهێنانی گاز.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئەم موشەکە هایپەرسۆنیکانە ڕۆڵیان هەبوو لەڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی شەڕێکی هەمەلایەنە لەڕێگەی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەی هێز لەنێوان هەردوو لایەندا.
تێبينيێك بنێرە: