سەرۆك کۆمار داوا لە کورد و عەرەب و تورکمان دەکات لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوك بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە
(0) /
ڕوانگە - لە میانەی ئامادەبونی لە مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال لە کەرکوك، سەرۆك کۆمار داوا لە کورد و عەرەب و تورکمان دەکات لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوك بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە.
بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-10-2024 لە کەرکوك بەشدارییان کرد لە مەراسیمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال (رەحمەتی خودای لێ بێت).
لە مەراسیمی ساڵیادەکەدا، کە بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندازیار نزار ئامێدی وەزیری ژینگە و رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوك و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و راوێژکاران و سەرۆك و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق، ئامادەیبون، سەرۆك کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و داوای لە کورد و عەرەب و تورکمان کرد لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی نیشتمانیدا بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوك لەپێناو خزمەتکردنی خەڵكی پارێزگاکە، هەروەها بۆئەوەی بکرێتە شاری ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆك مام جەلال کەرکوکی وەك شارێکی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و مەسیحی دەبینی و پێیوابوو چارەنووسی کەرکوك بە چارەسەری ئاشتیانە و کۆدەنگیی نیشتمانی بەپێی دەستور لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا یەکلایی دەبێتەوە.
هەروەها رونیکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار بە هەمان دیدگای مام جەلال سەیری پرسی کەرکوك دەکات.
هەر لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا، چەند وتارێك پێشکەشکران و فیلمێكی دۆکیومێنتاریش لەسەر ژیانی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال نمایشکرا، کە باسی لە قۆناغەکانی خەباتی سەرۆك مام جەلال دەکرد.
ئەمەش دەقی وتەکەی بەڕێز سەرۆك کۆمارە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
خوشک و برایانی بەڕێز...
ئەمڕۆ (٧) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دا تێدەپەڕێت، لای هەموولایەك ئاشکرایە، کە لە مێژووی گەلاندا سەرکردەی مەزن و تێکۆشەری وەك مام جەلال زۆر کەمن.
سەرکردەیەکی لێوەشاوەبوو، لەهەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتی، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵك بوو، سیاسییەکی بەوەفا و راستگۆ بوو. دیپلۆماتکارێکی گەورەبوو، پەیوەندییەکی فراوانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەهێزی هەبوو. لە پێش هەموو ئەم سیفەتە بەرزانەوە، رۆشنبیرێکی هەڵکەوتوو بوو.
بەشێکی زۆری ژیانی بۆ خوێندنەوە و بواری مێژوویی و ئەدەبی و رۆژنامەوانی تەرخانکردبوو.
باسکردنی مام جەلال و یادکردنەوەی بە وتارێك، یان بە نوسینی چەندەها کتێب تەواو نابێت.
ژیانی سیاسی ئەم پیاوە گەورەیە پڕە لە ئەزموون و سەرکەوتن و هەڵوێستی نیشتمانیی بەرز.
سەرۆك مام جەلال، سەرکردەیەکی گەورەی مێژوویی ناوچەکەبوو، کە بەئاسانی بۆشایی ئەو پڕناکرێتەوە.
مام جەلال هەموو تەمەنی خۆی لەپێناوی ئازادی و سەربەستی گەلی کوردستان و رزگاری نیشتمانیی گەلانی عیراق و لەناوبردنی دیکتاتۆریەتدا بوو، لەم رێگایەدا خەباتی دەکرد و کۆششی تا دوا رۆژی ژیانی بەردەوام بوو.
مام جەلال باوەڕی بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی ژنان و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبوو.
رێبازی مام جەلال، رێبازی برایەتی نیشتمان و چەپکە گوڵەکە بوو، رێبازی گەشەپێدانی کۆمەڵانی خەڵك و ئازادی بوو.
ئەمڕۆ، کە لە کەرکوك ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دەکەینەوە، وڵاتەکەمان پێویستی بە سیاسەتی ژیرانەی سەرۆك مام جەلال هەیە، بۆئەوەی کێشەکانی پێ چارەسەر بکەین.
مام جەلال بەشێکی سەرەکی تێکۆشانی خۆی بۆ مەسەلەی کەرکوك تەرخان کردبو، زۆر بە گرنگییەوە سەیری مەسەلەی کەرکوکی دەکرد. خاوەنی حیکمەتێکی نیشتمانی فراوان بوو. جگەلەوەی خۆی بە رۆڵەیەکی کەرکوك دەزانی، بەڵام هەمیشە سیاسەتی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بۆ کەرکوك داوا دەکرد.
لای مام جەلال کەرکوك شاری دێرینی بەرهەمهێنانی نەوت و رۆشنبیران و چەپکەگوڵی نیشتمانی بوو. شاری کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی بوو.
بۆ چارەسەرکردنی چارەنوسی کەرکوك، مام جەلال باوەڕی بە دەستور و چارەسەکردنی ئاشتیانە و تەوافوقی نیشتمانی هەموو پێکهاتەکان هەبوو.
ئەمڕۆ، لە کەرکوك کە یادی ئەم سەرۆکە مەزنە دەکەینەوە، پێویستە لەسەر هەموومان کە بەهەمان سیاسەتی ژیرانەی ئەو سەیری کەرکوك بکەین.
ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار، بەهەمان باوەڕی مام جەلال-ەوە بیر لە مەسەلەی کەرکوك دەکەینەوە.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم پەیامی برایەتی و یەکڕیزی بۆ هەموو خەڵکی کەرکوك بنێرم. لەچوارچێوەی موبادەرەیەکی نیشتمانی و لەم رۆژە مێژووییەدا، داوا لە هەموو برایانی کوردو عەرەب و تورکمان دەکەم، بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی محەلی کەرکوك و هەمووتان پێکەوە یەکگرتووبن، خزمەتی خەڵکی کەرکوك بکەن و شارەکەتان بکەن بە شاری ئاشتی و پێکەوەژیان.
ئێمە وەکو ئەرکی دەستوری و نیشتمانی بە یەك مەسافە لەگەڵ هەموو خەڵکی کەرکوك دەبین، پشتیوانی هەموولایەك دەبین.
لەکۆتاییدا دووپاتی وەفاداری بۆ سەرۆك مام جەلال دەکەیەنەوە.
سەرکەوتن بۆ دیموکراسی.
ئاشتی و برایەتی بۆ هەمووان.
رۆحی سەرۆك مام جەلال و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان شادبێت.
تێبينيێك بنێرە: