سەرۆك کۆمار لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك کۆدەبێتەوە

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان عێراق


Oct 03, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە بینای پارێزگای کەرکوك و لە پەراوێزی بەشداری لە مەراسیمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال (خودا لێی خۆش بێت)، چاوی کەوت بە محەمەد ئیبراهیم حافز سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامانی ئەنجومەن.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە  3-10-2024 بە ئامادەبونی ئەندازیار نزار ئامێدی وەزیری ژینگە و ژمارەیەك لە راوێژکارانی سەرۆك کۆمار و لێپرسراوان بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە پارێزگای کەرکوك گرنگییەکی زۆری هەیە و پێویستە هەموولایەك بە جدی کاربکەن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی بەشێوەیەك کە لە ئاست پێگەی ئابوریی شارەکەدا بێت. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی رێگەدەگرن لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لە پارێزگاکەدا.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن و ئیدارەی پارێزگا لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن و مامەڵەی دادپەروەرانە بۆ باشترکردنی ئاستی بژێوی رۆڵەکانی کەرکوك و دۆخی خزمەتگوزاری شارەکە.
لای خۆیشیانەوە، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆك کۆمار بۆ کەرکوك دەربڕی و دوپاتیانکردەوە بە جدی کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان.