دکتۆر مەحمود عوسمان: ئەو جەنگەی ئیسرائیل دەستی داوەتێ درێژەی دەبێت و هەروا بەئاسانی کۆتای نایەت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان دکتۆر مەحمود عوسمان ئیسرائیل


Oct 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، دکۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری گەورەی کورد، ڕایگەیاند:" ئەو جەنگەی کە ئیسرائیل دەستی  داوەتێ درێژەی دەبێت، چونکە ئیسرائیل هێزەکانی حەماس و حیزبوڵا، بە دووژمنی خۆی دەزانێت و ئەو هێزانە مەترسین لەسەر ئیسرائیل، چونکە هاوسنوورن و لە ڕابردوودا چەندینجار جەنگ و ململانێ لە نێوانیادا ڕوویداوە، لەبەرئەوە ئیسرائیل بڕیاریداوە ئەمجارە بەردەوام بێت لەم جەنگە و بە یەکجاری لە ناویان ببات، بۆیە ئەمە وادەکات کە ئەم جەنگە درێژە بکێشێت."

وتیشی:" لەم جەنگەدا ئەمەریکا هاوکار و پشتیوانی ئیسرائیلە و  بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان دەبێت، لە بەرامبەریشدا ئێران، پشتیوان و هاوکاریی هێزەکانی حەماس و حیزبوڵا دەکات، بۆیە ئەگەر بە گەورەی سەیری ئەم ڕووداوانە بکەین ئەوا دەبینین ئەم جەنگە دەبێت بە جەنگی ئێران و ئەمەریکا، هەرچەندە هەردوو وڵات نایانەوێت ئەم جەنگە ببێت بە جەنگێکی گەورەتر، بەڵام هەندێکجار ڕووداوەکان لە دەست دەردەچن و دەکەونە دەرەوەی خواستی خۆیان."

دکتۆر مەحمود عوسمان، ڕونیشیکردەوە:" دەبێت چاوەڕێ بکەین تا بزانین دەرئەنجامی ئەم جەنگە بەکوێ دەگات و ئیسرائیل چۆن وەڵام هێرش و پەلامارەکانی ئێران دەداتەوە، هەرچەندە ئەمە جەنگێکی زۆر ناڕەوایە و خەڵکێکی زۆر لەم نێوەندەدا بووە بە قوربانی کە ئەوە تاوانێکی گەورەیە و ئێران نایەوێت ئەم جەنگە لەمەزیاتر تەشەنە بسێنێت، چونکە زیانی گەورە دەکات."

دکتۆر مەحمود عوسمان، باسی لەوەشکرد:"  ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرش بۆسەر ئێران دەست پێبکات و بەدڵنیاییەوە ئەو جەنگە هەر ڕوودەدات، بەڵام چۆن ڕوودەدات و کەی ڕوودەدات ئەوەیان تائێستا بەتەواوی ڕوون نییە و بەداخەوە ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات، ئەم ناوچەیە و بەتایبەت عێراق بەدەرنابێت لە زیانەکانی ئەم جەنگە، چونکە بەشێک لەو هێزانەی کە لە عێراقدان لایەنگر و پشتیوانی وڵاتی ئێرانن و خۆیان بەئاشکرا ئەمەیان بە ئیسرائیل وتووە و ناوبەناویش هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و بۆیە ئیسرائیل وەک بەشێک لە ئێران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و بەداخەوە ئەم جەنگە دەگاتە عێراق و زیانێکی زۆر بەر عێراق دەکەوێت، چونکە عێراق خۆی دۆخێکی لەرزۆکی هەیە و تازە لەگەڵ ئەمەریکادا ڕێکەوتنی کردووە هەرچەندە خەڵکی عێراقیش نایانەوێت ئاگری  ئەم جەنگە بگاتە عێراق."

لە بارەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو ئەم ململانێ و جەنگانەدا و چۆنێتی خۆپاراستنی هەرێم لەم جەنگە، دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری گەورەی کورد، ڕونیکردەوە:" بەداخەوە هەرێم بەناچاری کەوتۆتە ناو ئەم ململانێوە، چونکە دەبینین عێراق زۆر بەتووندی دژی ئیسرائیل دەوەستێتەوە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق، بۆیە هەر هێرشێک لە لایەن ئیسرائیلەوە  بۆسەر عێراق دەست پێبکات ئەوا زیانیش بەر هەرێم دەکەوێت، هەرچەندە گرنگە بۆ بەرپرسانی هەرێم کە چەند بتووانن خۆیان لەو جەنگە دووربخەنەوە."