ئەمەریکا و ئیسرائیل ناتوانن کۆتایی بە هەژموونی ئێران بهێنن

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان ئیسرائیل ئێران موعتەسەم نەجمەدین


Oct 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - شارەزایەکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕوانگە ڕایدەگەیەنێت:" ئەو جەنگەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  دەستی پێکردووە ئەمە گۆڕانکارییەکە کە لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانیدا ڕوودەدات، کاتێک دنیا دابەشدەبێت لە نێوان دوو جەمسەردا و وڵاتانی دیکەش قۆناغ بە قۆناغ خۆیان لەو جەمسەرگیرییە جیادەکەنەوە."

موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"کێشەی ئیسرائیل و عەرەب، یان کێشەی فەڵەستین، کێشەیەکی کۆنە و هی ئێستانییە، واتا دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە زەمینەیەکی مێژووی هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات ئەمە گۆڕانکارییەکە کە لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانیدا ڕوودەدات، کاتێک دنیا دابەشدەبێت لە نێوان دوو جەمسەردا و وڵاتانی دیکەش قۆناغ بە قۆناغ خۆیان لەو جەمسەرگیرییە جیادەکەنەوە."

وتیشی:" ئەوانەی کە لە بەرەی ئەمەریکادان بەڕوونی دەرکەوتوون و لە هەمانکاتدا ئێران و بارگراوەندی بۆ ئەو هاوپەیمانیەی کە لەگەڵ ڕوسیاو چین و هەندێک وڵاتی دیکە بوون بە بەرەیەکی دیکە، بۆیە دەتوانین بڵێن جیهانێکی دوو جەمسەری تازە دروست دەبێت، بەتایبەت دوای ڕوخانی دنیای تاک جەمسەری ئەمەریکا لە سەرەتای دووهەزارەکان، وە ئێستا دونیا بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە دوو جەمسەری و ئێستاش شەڕی ئەم دوو جەمسەریەیە و بە درێژایی مێژوو هەرکاتێک گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانیدا ڕوویدابێت ئەوا کۆمەڵێک جەنگ ڕوویانداوە و هەندێکجار دەوڵەت ڕوخاوە و هەندێکجاریش دەوڵەتی نوێ دروست بووە."

موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ڕونیشیکردەوە:" ئەمەریکیەکان هەوڵدەدەن ناوچەی هەژموونی ئێرانیەکان بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە هەیەتی، بەتایبەت ئێران وەک دەوڵەتێکی هەرێمایەتی بەهێز کە لە زۆر شوێن هەژموونی هەیە  دەیانەوێت کۆتای بەو  هەژموونەی ئێران بهێنن و نەیهێڵن یاخود لاوازی بکەن، لە هەمانکاتیشدا بەرژەوەندی ئیسرائیل  لەوەدانییە وەکو دەوڵەت وەک نەتەوە هێزێکی گەورە و بەهێزی وەک ئێران لە ناوچەکەدا دروست ببێت و ڕۆڵی لاوازبکات، بەڵام من پێموانییە لەم قۆناغەدا ئەمەریکا و ئیسرائیل بتوانن کۆتای بە هەژموونی ئێران بهێنن،  ڕەنگە بتوانێت هێرشبکەنە سەر ئێران و لە هەندێک شوێن لاوازی بکەن و بەپێچەوانە ئێرانیەکان ئەوان لاوازبکەن، چونکە ئەگەر تەماشای هێرشی ئەمجارەی ئێران بکەین بۆسەر ئیسرائیل دەبینین بەراورد بە هێرشەکانی پشوتر زۆر بەهێزبوو، چونکە جۆرێک لە مۆدێلی نوێی جەنگ بەهۆی تەکنەلۆجیاوە دروست بووە کە زۆر کاریگەرە  کە ئەمە شێوەیەکی تازەی یاریەکەیە و کەئەمەریکیەکان خاوەنی ئەمجۆرە یاریەن."

موعتەسەم نەجمەدین، ئاماژەی بەوەکرد:" ئەم جەنگەی کە لەم ناوچەدا سەریهەڵداوە شەڕی بیروباوەڕ و شەڕی تەکنەلۆجیایە، ئێرانیەکان شەڕی بیروباوەڕدەکەن و ئەمەریکا و ئسرائیلیش جەنگی تەکنەلۆجیا دەکەن، بۆیە من پێموایە ئەم جەنگە نەک سەردەکێشێ بۆ جەنگی جیهانی، بەڵکو بۆ خۆی جەنگێکی جیهانییە،  بەڵام ئەم جەنگە ڕەنگە وەک سەردەمەکانی پێشوو هێشتا قوڵنەبووەتەوە و هەموو وڵاتان بگرێتەوە، زۆربەی بیرمەندانیش ئاماژەیان بۆکردووە و لە ئێستا ئەمەریکا دەیەوێت پارێزگاری لە تاک جەمسەری بکات  و ڕوسیا و چین و ئێرانیش دەیانەوێت دونیا بەرەو دوو جەمسەری ببەن، هەربۆیە کاتێک گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانیدا ڕوودەدات ئەوا جەنگ ڕوودەدات،  بەڵام دەبێت بپرسین جەنگی ئەمجارە چۆن دەبێت، چونکە تەنانەت چەکە تەقلیدییەکانیش زۆر پێشکەوتوون و وادەکات سروشتی شەڕەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردابێت."

لەبارەی سەرهەڵدانی ئەم جەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەکاریەکانی کورد بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا، موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرایکرد:"وەک نەخشەی جوگرافیای سیاسی وڵاتان ئێستا ڕاستییەک هەیە هەندێک لە وڵاتان دەکەونە ناو هەژموونی وڵاتانی دیکەوە دەکەونە ناوبەرەی ڕوسیا و چین کە ئەمە گرفتێکی تێدانییە، هەندێک لە وڵاتانیش دەکەونە بەرەی ئەمەریکاوە ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام کێشە گەورەکەی ئێمە ئەوەیە کەوتووینەتە خاڵی پێکدادان و ئەم جەنگە وڵاتەکەی ئێمەی دابەشکردووە بەشێکمان دەکەوینە ژێر هەژموونی ئەمەریکاوە و بەشێکی دیکەشمان دەکەوینە ژێر هەژموونی ئێران و ڕووسیا و چین، کە پێویستە سەرکردایەتی کورد ئەمە زۆر بەهەند وەربگرێت و نەبێت بە بەێک لەو سیراعە کە دەرئەنجام ولاتەکەی دابەشبێت، بەڵکو دەبێت کورد هەوڵبدات پرسی نەتەوەی یان پرسی نیشتیمانی جیاجیا بکاتەوە بۆئەوەی وڵاتەکەی دابەش نەبێت و هەوڵبدات ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەڕێنێتەوە، کە ئەگەر لێک تێگەیشتی باڵا هەبێت لەنێوان هێزه کوردیەکاندا ئەوا هەنگاوێکی باشە و زۆر گران نییە و بەمە دەتوانین بەرگری لە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمان بکەین."