هێرشی گروپە چەکدارەکان، ئەمەریکا ناچار دەکات پەنا بۆ عێراق ببات
(0) /
ڕوانگە - بەمەبەستی ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی کە گروپە چەکدارەکانی عێراق، دەیکەنە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەمریکا داوایەکی ئاراستەی بەرپرسانی عێراق کردووە.
سەرچاوەیەکی عێراقی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمریکا لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسیو ئەمنییەکانەوە هەوڵدەدات فشاربخاتەسەر حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بوەستێنێت كه لەڕێگەی موشەکی کروزو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەکرێتەسەر ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو فشارانەی ڕەتکردەوەو باسی لەوەکردوە، ئەو گروپانە ڕاستەوخۆ سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبی نین، بۆیە کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نییە، هەروەها محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرپرسانی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە کۆتاییهێنانە بەدەستدرێژیی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسی لەوەشکردووە:" هێزە عێراقییەکان دەستوەردان لەمجۆرە هێرشانەدا ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەپابەندبونی حکومەت دهكهنهوه بۆ پاراستنی نێردە فەرمییەکان، لەنێویاندا هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەعێراق ئامادەن".
بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەمریکا ترسی هەیە لەوەی هەر وەڵامدانەوەیەکی ئیسرائیل بۆ عێراق ببێتە هۆی هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، ئەمەش وا لەئەمریکا دەکات فشاربخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی میلیشیا چەکدارییەکان نەتوانن بەردەوام بن لەهێرشەکانیان.
تێبينيێك بنێرە: