ئەوانەی بڕوایان بەوەیە پێویستە هەرێم پارێزراو و بەهێزبێت دەبێ بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
(0) /
ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت:"دوای ئەم هەڵبژاردنە چەندە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهێزبێت، چەندە پارتە نیشتیمان پارێزەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبن و کورسیان زیاتربێت، ئەوەندە پەیوەندیەکان بە ئاراستەیەکی دروست تر و باشتر و چارەسەرتر دەڕوات."
دکتۆر محەمەد خورشید., ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:" هەموومان دەزانین لە ناوچەکەدا بارودۆخێک ڕویداوە و ناوچەکە بە قۆناغێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، ئەو فەترە تایبەتەش وادەکات گەلی کوردستانیش خۆی ئامادەبکات، بەداخەوە بە پێی ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی عێراق دەریکرد دەربارەی ڕاگرتنی پەڕلەمان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستکاریکردنی یاسای هەڵبژاردن وایکردووە کە گەلی کوردستان و دامەزراوەی دەستووری لە هەرێمی کوردستاندا بەدوای ئەوەدا بگەڕێت جارێکی دیکە شەرعیەتی خۆی لە گەلەوە وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو هەموو ئالانگاریەی کە لە ڕابردوودا بەو بڕیار و سکاڵایانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو چارەسەربکەین."
وتیشی:" چارەسەری ئەم دۆخەش پێویستی بە هەڵبژاردنێکی نوێ بوو وە پێویستی بە پەرلەمانێکی نوێ بوو بۆبئەوەی ئەو شەرعیەتەی کە ئێستا لە حکومەتی هەرێم و ناوچەکانی دیکە هەیە مەشروعیەتەکەشی بۆ بگەڕێتەوە، وە ئێمە دەزانین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کابینەی نۆیەم دەستی بە چاکسازییەکی قوڵکردووە، بۆئەوەی بتوانین ئەو بەرنامەی چاکسازییە کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە بەردەوام بێت وە لەو ناوچانەشی کە ئەم چاکسازییەی تێدا نەکراوە بیگرێتەوە، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی کە بەداخەوە لایەنێکی سیاسی ڕێگربووە لەو چاکسازییانە، پێویستە ئەم هەڵبژاردنە بکرێت وە خاڵکی دیکە کە لە هەموویان گرنگترە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەستووری پێوستە دەستووری خۆی هەبێت، هەمووئەم خاڵانە وادەکات کە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ پەڕلەمانی کوردستان بەڕوونی دەربکەوێت."
دکتور محەمەد خورشید، ڕونیشیکردەوە:"دوای ئەم هەڵبژاردنە چەندە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهێزبێت، چەندە پارتە نیشتیمان پارێزەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبن و کورسیان زیاتربێت، ئەوەندە پەیوەندیەکان بە ئاراستەیەکی دروست تر و باشتر و چارەسەرتر دەڕوات، چەندە لایەنەکانی دیکە باوەڕیان بە بەرژەوەندی پارێزی هەیە لەجیاتی نیشتیمان پارێزی سەرکەوتووبن، ئەوان بەرژەوەندی لایەنەکانی خۆیان دەپارێزن و نیشتیمان ناپارێزن، بۆیە ئێمە پێمانوایە کە گەلی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باشتربێت و کێشەکان چارەسەرببێت و بەرەو چارەسەری دەستووری ببات پێویستە دەنگ بەو هێزە بدات کە بەرگری لە نیشتیمان دەکات و دەنگ بە بەرەی نیشتیمانی بدەن بۆئەوەی بتوانین ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین."
دکتۆر محەمەد خورشید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد:" بە هەڵسەنگاندن بۆ ناوچە جیاوازەکان بەپێی ئەو دیراسەی کە ئێمە کردومانە دەرکەوتووە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕێژەی بەشداری خەڵک لەپرۆسەی دەنگداندا جیاوازە، بۆ نمونە لە پارێزگای دهۆک ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆر زیاترە وەک لە سلێمانی، واتا لەو ناوچەیەی کە بەرەی نیشتیمان پارێز تیایدا باڵادەست بووە ڕێژەی بەشدای خەڵک زیاتر بووە، ئەو ناوچانەشی کە هێزە بەرژەوەندی خوازەکانی تێدایە بەشداری خەڵک تیایدا کەمتربووە، بەڵام ئێمە داوا لە جەماوەری کوردستان دەکەین کە بەشداریەکە زیاتربێت بەتایبەتی ئەوانەی کە بڕوایان بەوەیە کە ئەم هەرێمی کوردستانە بپارێزرێت و بەهێزتربێت داوایان لێدەکەین بەشدارییان زیاتربێت."
تێبينيێك بنێرە: