سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری تەندروستی دەکات
(0) /
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی کرد لە بەڕێز د.ساڵح ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی.
لە میانەی دیدارەکەدا، کە چوارشەممە 9-10-2024 لە بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردەوە، کە پێشکەشی هاووڵاتیان دەکرێت. داواشیکرد کاربکرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی. هەروەها رونیکردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵانە دەکات، کە بەشدارن لە پەرەپێدانی کارەکانی وەزارەتی تەندروستی.
لای خۆیەوە بەڕێز وەزیری تەندروستی سەبارەت بە رەوشی تەندروستی و پلانەکانی داهاتووی وەزارەت، رونکردنەوەی پێویستی پێشکەش بە بەڕێز سەرۆك کۆمار کرد و باسی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان کرد بەمەبەستی گەیشتن بە سیستەم و خزمەتگوزارییەکی تەندروستی باشتر بۆ هاووڵاتیان.
هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتی لەبارەی ناردنی تیم و هاوکاری تەندروستی بۆ لوبنان خستەڕو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەخۆشخانەکانی عێراق پێشوازی لە برا بریندارە لوبنانی و فەڵەستینییەکان دەکات. هاوکات سوپاسی بەڕێز سەرۆك کۆماری کرد لە پای بایەخدان و پاڵپشتیکردنی لە رێوشوێنەکانی وەزارەت و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی.
تێبينيێك بنێرە: