بافڵ تاڵەبانی و گوتارەكانی! / ژوان ئەحمەد
(0) /
ڕوانگە - بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئێستا گوتاربێژی یەكەم و سەرەكی و تاكی ئەو حزبەیە، بۆ یەكەم جار لە مێژووی كەمپەینی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، شێوازێكی تری گرتۆتە بەر، كە كۆپی كەمپەینەكەی دۆناڵد ترەمپە.
ئەم جۆرە گوتارە، لەناو لایەنگرانی حزبەكەیدا، دڵخوازە، ئەگەرچى لە هیچ سوچێكی كەلتور و فەرهەنگی سیاسی جیهانیشدا جێی نابێتەوە.
هەڵمەتەكەی، هەڵمەتێكی توند و پڕ لە قسەی زبر و بێ سنورە، هەموو سنورەكانی لەباقەت و موجامەلەی سیاسی تێكشكاندوە، وەك ئەوەی خۆی ئامادە كردبێت بۆ روبەروبونەوەی كۆتایی و شەڕی مان و نەمان بكات.
ئێستای یەكێتی دەقاودەق قسەكەی بافڵ تاڵەبانی یە، یەكدەنگە، یەكڕیزە، بریتی یە لە تەنیا یەك كەس، ئەویش خودی بافڵە و ئەوانی دیكە سەرەرای ئەوەی خۆیان وا نانوێنن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی هەموان وەك فەرمانبەر دەبینێت و رەفتاریان لەگەڵ دەكات بۆیە لە كەمپەینەكەیدا كەمترین بوار دەدات بە كەسیان ببنە قسەكەر.
بافڵ تاڵەبانی مافی ئەوەی هەیە هەرچی بكات، چۆنی بوێ گوتار بدات، چونكە حزبەكە بە تەوریسی سیاسی بۆی ماوەتەوە، هەر بە بریاری خۆی نا، بەڵكو سەركردە دێرینەكانی ئەو حزبەش بەشێكی زۆریان شەرعیەتیان داوە بەو تەوریسە سیاسی یە و ئێستا بەبێدەنگی و ئاقلَى لە پشتی تاڵەبانی كوڕەوەن.
ئەم دەركەوتە نوێیەی سیاسەت، پارتی توشی پشێوی كردوە، نەك لەبەر هێزی بافڵ تاڵەبانی، بەڵكو لەبەر ئەوەی نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
پێم وایە تاڵەبانی كوڕ، ئەگەر نەشتوانێ سەركەوتن بۆ یەكێتی تۆمار بكات، لانیكەم بەردەگرێت لە هەڵوەرین و شكستی زياترى حزبەكەی، چونكە بەباشی دەزانن كە لەگەڵ پارتی لەلای جەماوەر یەك شوناس و سەنگیان هەیە و وەك یەك دورن لە خەڵك.
بەڵام...
پێویستە سەرۆكی یەكێتی باش بزانێت، ئەو جەمعەی لەبەردەمیدان بەشێكی زۆری وەك عەبد مەئمور بە زۆر هێنراون، بەشێكیشی وەك ئەركێكی ئەخلاقی كە سەردەمانێكە یەكێتین، ئێستاش دەڵێن با حزبەكە نەكەوێ بۆیە ئامادەبون، بەڵام ئایا بۆ هەڵبژاردن، 2 هەزار یان 5 و یان 20 هەزاری بانگەشە، ژمارەن؟
بێگومان نەخێر ئەو جەمعانە هەمووی كۆبكەرەوە 2 كورسی پارلەمان ناكات بۆیە بافڵ ی كوڕی مام جەلال دەبێت نەكەوێتە ئەو داوەی جەنابی مام جەلال لە 2009 تێیكەوت كە جەمعەكان شارەو شار بۆی دەگوازرایەوە بۆ ئەوەی بوترێت یەكێتی نەكەوتوە ، بەڵام خراپ كەوت
لەوەش گرنگتر، بافڵ تاڵەبانی دەبێت بزانێت، یەك حزب بەم جۆرەی تاڵەبانی كوڕ بانگەشەی كرد، كە دواتر لەو ئاراستە توندە پەشیمان بۆوە، توشی مەرگ بوو، بۆیە دەبێت بافڵ تاڵەبانی درك بەوە بكات
ئەگەر نەیڕوخاند
ئەگەر كۆتایی پێ نەهێنا
ئەگەر سەرنەكەوت..
پێویستە نەچێـتەوە سەر مێزی بەشداری لە حكومەت لەگەڵ ئەو لایەنانەی بە حوشتر و حوشترەوان ناوزەدیان دەكات و بەشداری لە حكومەتێكی بنكەفراوان نەكات بە لاوازی، چونكە ئەو كاتە زۆر خراپتر لە گۆڕان، خۆی و حزبەكەی توشی مەرگێكی ئەبەدی دەكات.
تێبينيێك بنێرە: