کۆمیسیۆن: تاقیکردنەوەی دەنگدانی پێشوەختە نییە
(0) /
ڕوانگە - وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لەسەر تاقیکردنەوەی دەنگدانی پێشوەخت ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت"ئامێرەکان لەکۆگاکاندان".
ئەمڕۆ هەینی، ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەهیچ جۆرێک پێشوەختە دەنگی تایبەت نەدراوە و تاقیکردنەوەی دەنگدانیش لە لایەن کۆمیسیۆنەوە نییە بۆ ئەو جۆرە دەنگدانە. ئامێر و پێداویستییەکانی دەنگدانی کۆمیسیۆنیش لە کۆگاکانیدایە و پارێزراون و بەکارناهێندرێن".
ئاماژەی بەوەشداوە، سکاڵایەک تۆمارکراوە کە گوایە بەشێک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگیان داوە، لە ئێستادا لیژنەی یاسایی وردبینی تێدا دەکات، دواتر راسپاردەی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ئەوەی بڕیاری لە بارەیەوە بدات.
بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژادرنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، هەروەها ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.
تێبينيێك بنێرە: