هاتووچۆی گەرمیان: ڕێگەنادەن شۆفێران هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی هاتووچۆ

(0) / / كوردستان / زایەڵە گەرمیان هاتوچۆ کوردستان


Oct 12, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - موقەدەمی هاتووچۆ، سامان عەلی داود، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"هەرچەندە لە سەرەتاوە ئاگادارییەکمان بڵاوکردەوە  بۆسەرجەم لایەنەکان و سەرجەم بەربژێرەکان کە بەهیچ شێوەیەک وێنەکانیان نەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا، بەڵام هەرلەسەروبەندی دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن ژمارەیەک بەربژێرەوە، چەند سەرپێچییەک ڕوویدا، لەوانە دانانی پۆستەر و وێنەی ئەو بەربژێرانە لە پێشی ترافیک لایتەکان و هێماکانی هاتووچۆ.

وتیشی:" لەسەرەتادا ئەو سەرپێچیانە ڕوویدا، بەڵام دەستبەجێ لە لایەن تیمی ئەندازەی هاتووچۆوە ئەو وێنە و پۆستەرانەمان لابردوو، لایەنەکانمان ئاگادارکردەوە لەکاتی دووبارە بوونەوەی ئەو حاڵەتە ئێمە ناچاردەبین ڕێکاری یاسایی بگرینەبەر."

 وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان ڕونیشیکردەوە:" لە هەر شوێنک نیگەرانی ئەوە لای شۆفێران و هاوڵاتیان دروست ببوایە کە بەهۆی ئەو پۆستەرانەوە ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە، ئەوا دەست بەجێ تیمەکانی ئەندازەوە دەگەشتەنە ئەو شوێنانە و وێنە و پۆستەرەکانیان لادەدا و ئێستا بەوهۆیەوە هیچ گرفتێکی یاسای بوونی نەماوە."

سەبارەت بەوەی کە تاچەند هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ هەندێک لە شۆفێران کە سەرپێچی هاتووچۆ ئەنجام بدەن؟

موقەدەمی هاتووچۆ، سامان عەلی داود، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان، ڕونیکردەوە:" هەرچەندە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ هەندێک لە شۆفێران کە جامی ئۆتۆمبێلەکانیان بەوێنەی بەربژێرەکان دابپۆشن، بەڵام تاوەکوئێستا حاڵەتێکی وەها دروست نەبووە کە شۆفێران هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی گەورەتر و  ڕێگاکان دابخەن، بەڵام ڕۆژانە هەرسەرپێچی ڕوودەدات کەئەوەش تەنها لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوونادات، بەڵکو سەرپێچیەکان لە ڕۆژانی ئاسایشدا هەر ڕوودەدات."