هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر تا چەندە دەتوانێت گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بکات؟

(0) / / فایلی تایبەت / هەڵبژاردنەکانی عێراق


Jun 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

جموجوڵی لایەنە سیاسییەکان لە گەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق پیشان دەدات کە بڕیار نییە هەمان دۆخی سیاسی پێشوو لەم وڵاتەدا دووبارە ببێتەوە.

بە نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەرە بەرە نەخشەی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو لایەنانەی کە لە ئێستاوە هاوپەیمانی خۆیان دەستپێکردووە، یان ئەوانەی کە دانوستانیان بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی پاش هەڵبژاردنەکان کردووە، ئاشکرا دەبێت.

شارەزایانی کاروباری عێراق پێیان وایە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 نابێت، هەندێکی دیکە چاوەڕوانی ئەنجامێکی نوێ دەکەن.

حکومەتی عێراق لە ژێر گوشاری خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 کە بووە هۆی کۆتایی دەسەڵاتەکەی عادل عەبدولمەهدی، 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 ی وەک کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەم وڵاتە دیاری کرد.

حارس حەسەن شارەزا لە کاروباری عێراق لە ناوەندی کارنگی، پێی وایە کە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر نە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو و نە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەبێت.

بە بۆچوونی ناوبراو، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بە تەواوی ناتوانێت داواکارییەکانی خۆپێشاندەران لە خۆ بگرێت و نابێتە هۆی هاتنەسەرکاری کەسانی نوێ.

وتیشی کە چاوەڕوانییەکی ئەوتۆ بۆ گۆڕانکاری و ڕەزامەندیی خۆپێشاندەران لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق ناکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، دەوترێت کە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی سیاسی سوننە گەیشتووەتە ڕێکەوتنی کۆتایی تا لە پاش هەڵبژاردنەکان بچنە هاوپەیمانییەکانی نوێ.

هاوکات، هاوپەیمانی فەتح و ئەو لایەنە سیاسییانەی هێزی چەکداریان هەیە، لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە لایەنەکانی سوننە نزیک دەبنەوە.

تا ئێستا تەنیا یەک هاوپەیمانی بە فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ڕاگەێندراوە و ئەویش هاوپەیمانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سەید عەمار حەکیم لە گەڵ هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادییە بە ناوی پەیمانی هێزەکانی حکومەتی نیشتمانی. بەڵام هاوپەیمانییە نافەرمییەکان، تا ئێستا، هاوپەیمانی سەدر و بارزانی، هاوپەیمانی فەتح و یەکێتییە کە هەوڵیش دەدرێت محەممەد حەلبوسی لە سوننەکان پەیوەندی بەم هاوپەیمانییەوە بکات.

ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کوفە پێی وایە کە ئەم هاوپەیمانییانە
چەشنێک لێک تێگەیشتنە بۆ پاش هەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە باشتری دەزانن لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ببەن.

ئەو دەڵێت کە گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە پاش هەڵبژاردنەکان تەنیا بە دوو مەرج مسۆگەر دەبێت، یەکەم لە پێداگری لایەنە سیاسییەکان بۆ گۆڕانکاری لەو ڕێکەوتنە سیاسییانەی پێشوو کە تەنیا لاوازبوونی حکومەت و دەسەڵاتی عێراقی لێکەوتووەتەوە و دووەم، ڕۆڵی دەستێوەردانی دەرەکی کە پێشتر ڕێگریی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی بەهێز و لە ئەنجامدا حکومەتێکی بەهێز لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز کردووە.

وتیشی کە ئەو لایەنانەی لە خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە هاتوونەتە گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە، هێندە جیدی نین و سەبارەت بە توانا و کاریگەری ئەوان زیاتر لە قەبارەیان باس کراوە.

لە بەرامبەردا حارس حەسەن دەڵێت کە ئەو هێزانە بە گومانەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف دەڕوانن وهەر بۆ ئەمەش زۆربەیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.

بە بۆچوونی ناوبراو، لەم دۆخەشدا کێشە و گرفتی زۆر لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق دێتە پێشەوە./.