کۆمیسیۆن دوو راپۆرت لەبارەى رێژەى بەشداری لە دەنگدان بڵاودەکاتەوە
(0) /
ڕوانگە - لە هەریەک لە رۆژانى دەنگدانى تایبەت و گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆن دوو راپۆرت لە بارەى رێژەى بەشداریى دەنگدان بڵاودەکاتەوە، کە بە ئەلیکترۆنى تۆمار دەکرێن.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەهەر یەک لە رۆژانى دەنگدانى تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوو راپۆرتیان لەبارەى رێژەى بەشدارى دەنگدان دەبێت، یەکێکیان کاژێر 12ى نیوەڕۆ وەک راپۆرتى نیوەى رۆژ بڵاو دەکرێتەوە و ئەوى دیکەیان دواى کۆتاییهاتنى دەنگدان بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەبێت.
کاژێر 7ـی بەیانى دەنگدان لە بنکەکان دەستیپێکرد، کاژێر 6ـی ئێوارە دەنگدان رادەگیرێت.
عیماد جەمیل گوتى، "تۆمارکردنى رێژەى بەشدارى دەنگدان لە رێگەى سندووقى ئەلیکترۆنى دەنگدان هەژمار دەکرێن و لە رێگەى نووسینگەکانەوە دەنێردرێت بۆ نووسینگەى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا".
یەکەم جارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەکرێت، دوو ملیۆن و 802 هەزار و 115 دەنگدەر دەتوانن بەشدارى هەڵبژاردنەکە بکەن، کە کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن نرخى کورسى لە هەریەک لە چوار بازنەکەى هەڵبژاردن، بەگوێرەى دەنگى دروستى بەشداربووانى بازنەکە دەبێت.
تێبينيێك بنێرە: