جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: پێشێلکاری پلان بۆ داڕێژراو دەکرێت و کۆمیسیۆن دەسەڵاتی لێسەندراوەتەوە
(0) /
ڕوانگە - جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: چەندین پێشێلکاری بە ئاشکرا و بەشێوازی پلان بۆ داڕێژراو دەکرێن. گوشار لە هێزەئەمنییەکان دەکرێت بە وێنە بیسەلمێنن کە دەنگیان بەکێ داوە.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر پشکی یەکگرتوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین کە هەندێک پێشێلکاری بە ئاشکرا و بەشێوازی پلان بۆ داڕێژراو دەکرێن، لە دەرەوە پشکنین ناکرێت بۆ ئەوەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان مۆبایل نەبەنە ژوورەوە، دواتر فشاریان لێدەکرێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دەنگیان بە کێ داوە و وێنەی کاتی دەنگدانیان پیشانیان بدەن".
گوتیشی، "بەرپرسی بنکەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە کە پشتگیری لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان بکەن، دەسەڵات لە کۆمیسیۆن وەرگیراوەتەوە و ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات پێشێلکارییەکی گەورەیە و لێی بێدەنگ نابین، سکاڵاش تۆماردەکەین لەسەر ئەوەی بەرامبەر ئەو ئەندامەمان کراوە."
کاوە عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە داوای لێبووردن لەو ئەندامەی خۆمان دەکەین کە ئەمڕۆ بەوشێوەیە بە زمانی زبر قسەیان پێگوتووە و دەریانکردووە، دەمانەوێت بە خەڵکی کوردستانیش بڵێین سەیری ئەو بەڵێنانە بکەن کە لەکاتی بانگەشەدا پێیان دەدان، سەیری رەفتاری ئەمڕۆشیان بکەن."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەشڵێت، "کارمەندی هێزی ئەمنیی هەبووە کە بەخۆمی گوتووە فشاریان لێکردووم و گوتوویانە دەبێت وێنەی کاتی دەنگدانم بنێرم بۆیان، بەڕاستی ئەوە پێشێلکارییەکی گەورەیە کە دەکرێت."
تێبينيێك بنێرە: