هەڵبژاردنی تایبەت بە بێ گرفت بەڕێووە چوو
(0) /
ڕوانگە - لە دواهەمین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند:" بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، 215 هەزار و 960 دەنگدەر تۆمار کراون، 208 هەزار و 521 کەس کە دەکاتە 97% بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
کۆمیسیۆن ئەوەشی خستۆتەڕوو:" 165 بنکە و 749 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەبوون. ئاماژەی بەوەش کردووە، "پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات، سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت بەبێ کێشە داخران و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنیی بەرچاو و دیار تۆمارنەکران.
کۆمیسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی پیاو و ژنی لە دەنگدانی تایبەت جیاکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کۆی گشتیی 203 هەزار 773 دەنگدەریان پیاو و چوار هەزار و 748 دەنگدەریان ژن بوون، هەروەها لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی خوێندەوار و نەخوێندەوار ئاماژەی بەوە کردووە، 189 هەزار و 857 دەنگدەری خوێندەوار و 18 هەزار و 664 دەنگدەری نەخوێندەوار هەبوون، هەروەها بە چاودێریی هەزار و 926 چاودێر لە بنکەکانی دەنگدان بەڕێوەچووە، هاوکات کۆمیسیۆن ئەوەیشی خستووەتەڕوو، سێ هەزار و 750 نوێنەری قەوارە سیاسییەکان لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون.
سەبارەت بە خوێندنەوە و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەرانیش کۆمیسیۆن دەڵێت، 205 هەزار و 620 دەنگدەر پەنجەمۆریان تۆمار کراوە و "ژمارەی حاڵەتەکانی دەرنەچووی پەنجەمۆریش گەیشتە 2901 حاڵەت.
تێبينيێك بنێرە: