سەرۆکایەتییەکان لەبارەی رەوشی وڵات و گرنگترین پێشهاتەکانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە
(0) /
ڕوانگە - سەرۆکایەتییەکانی وڵات له کۆشکی بەغداد بەئامادەبونی بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید و بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە.
لەکۆبونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە 19-10-2024 بەڕێوەچو، دۆسیەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵەکان بۆ خێراکردنی یەکلاکردنەوەی ئەم مافە تاووتوێکرا و جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە، بەجۆرێك کە یارمەتیدەربن لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەهێزکردنی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەری.
هەروەها لەکۆبونەوەکەدا هۆکارەکانی دواکەوتن لە خستنەڕوی چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگ تاووتوێکران، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئامادەکراون و پێویستە لە کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوی ئەنجومەنەکەدا دابنرێن، سەرەڕای پێداچونەوە بەڕێوشوێنە دادوەرییەکان لەچوارچێوەی تاوانەکانی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن و چاودێریکردنی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو هەڵمەتە رێکخراوانەی لەلایەن چەند پەیجێکی گوماناوییەوە بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەستیپێکردوە، هەروەها پێویستی لێپێچینەوە لە تاوانباران بەگوێرەی بڕگەکانی یاسا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، رێوشوێنەکانی حکومەت لەڕووی داراییەوە تاووتوێکرا بۆ دڵنیابوون لە پارەدارکردنی وەزارەت و پارێزگاکان لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، هەروەها رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بەشداربوانی کۆبونەوەکە، جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری وەك ئامانجێکی گەشەپێدانی وڵات، کە سیاسەت و پلان و بەرنامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پشتی پێ دەبەستن.
هەروەها له کۆبونەوەکەدا بارودۆخی گشتی و پەرەسەندنەکانی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆسەر فەڵەستین و لوبنان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانه و یەکخستنی هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر پاراستنی عێراق و گەلەکەی له هەر ئەگەرێکی گرژی، باسکران.
تێبينيێك بنێرە: