ئارام قادر: لەوباوەڕەداین دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەنگی حەقیقی خەڵک نییە

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە ئارام قادر کوردستان هەڵبژاردن


Oct 22, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئارام قادر ڕایگەیاند؛ ئێمە لەوباوەڕەداین دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەنگی حەقیقی خەڵک نییە و دەرخەری ئەوەنییە کە دەنگی هێزە حەقیقیەکانی ناو کوردستان بێت.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسیەکان بەنیگەرانییەوە لە دەرئەنجامەکانیان دەڕوانی و سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانیش ڕایدەگەیەنێت:" هەڵبژاردنی ئەمجارە پێشوەختە دیزاینکرابوو."

 ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" پیرۆزبای دەکەین لەو لایەنانەی کە دەرچوون و بەهیوان بەزوترین کات حکومەت پێکبێنن و کاروبارەکانی خەڵک ڕایبکەن، بەڵام ئێمە لەوەختی بانگەشەشدا هەرزوو وتمان ئەم هەڵبژاردنە دیزاین کراوە و تەزویر و ساختەکاری زۆرزۆری تێدا دەکرێت، لەبەرئەوە ئستاش لەوباوەڕەداین کە ئەوە دەنگی حەقیقی خەڵک نییە و دەرخەری ئەوەنییە کە دەنگی هێزە حەقیقیەکانی ناوکوردستانبێت، لەبەرئەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەک باوەڕمان بەوەنیە کە ئەوە هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەبێت، چونکە لە کوردستان و عێراقیشدا هەڵبژاردن ڕاستەقینەنیە، بەڵکو ئەمە دابەشکردنی کورسییەکانە."

وتیشی:" بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەموو تێبینیانە کەچی کۆمیسۆن بەهیچ شێوەیەک پاشگەز نابێتەوە لەو دەرئەنجامانەی کە ڕایگەیاندووە  و دەرئەنجامەکان هەربەوشێوەیە دەبێت، چونکە عێراق و کوردستانیش لەژێر هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدایە ، عێراق و هەرێمی کوردستان سەروەری خۆیانیان لەدەستداوە، لەبەرئەوە ئەم هەڵبژاردنانە هەرچەند نیگەرانیشی لێبکەوێتەوە کەچی نیگەرانییەکان کاریگەری لەسەرئەوە دروست ناکات کە کۆمیسۆن بخاتە ژێرباری ئەوەی کە پاشەکشەبکات لە دەرئەنجامەکان، لەبەرئەوە ئەوە حەقیقەتێکە کە دەزانین ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دیزاین کراوە.."

لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە  ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ڕونیکردەوە:" ئێستا کورسی هێز و لایەنەکان یەکلابووەتەوە، ئەمە پێماندەڵێت کە پێکهێنانی حکومەت زۆر زەحمەت نابێت، چونکە پارتی و یەکێتی لەپێش بانگەشەوە ڕێککەوتوون و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا ئەوەی کەدەمانبینی ئەوە تەنها هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو، ئەگینا لەدوای هەڵبژاردن بەدڵنیاییەوە ڕێکدەکەونەوە و حکومەتیش پێکدەهێن، چونکە ئەو دوو حیزبە لەڕووی ئابووری و سیاسی و مرۆییەوە ڕێکەوتوون بۆئیدارەدانی کوردستان، لەبەرئەوە باوەڕناکەم هەرگیز پێکهێنانی حکومەت زەحمەت بێت، هەرچەندە لەوانەیە تۆزێک دوابکەوێت ئەویش لەبەر دانوستان لەنێوان خۆیاندا بۆئەوەی هەریەکەیان دەستکەوتی زیاتری بەربکەوێت."