سەرۆك کۆمار پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
(0) /
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێزان محەمەد ئەلحەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کلاودیۆ کوردونی جێگری.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سڵاوی بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە سەرۆك کۆمار گەیاند، هاوکات سەرۆك کۆماریش سڵاوی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی سەرۆکی نوێی نێردەی یونامی کرد و بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی نوێی لە عێراق پیرۆزبایی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هاوکات جەختیکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی و پاڵپشتی دەکات بۆ راپەڕاندنی ئەرك و کارەکانی. دوپاتیشیکردەوە، کە عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی بەهێزبکات و ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی فراوان بکات.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابوریی عێراق کرا، هەروەها رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە دۆسێی ئاوارە و راگوێزراوان تاووتوێکران، هەروەها گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و چۆنیەتی روبەڕوبونەوەی تەوەرێکی تری دیدارەکە بو، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی لە پێشینە بریتییە لە هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا، جگە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەت کە ئامانج لێی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری هاووڵاتیانە لەگەڵ سەرخستنی پێکەوەژیان و ئاشتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا.
سەرۆك کۆمار باسی لە هەلومەرج و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە کرد و هیوای خواست نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت لە راگرتنی دەستدرێژیەکان دژی گەلانی فەڵەستین و لوبنان، هەروەها هاوکاری پێویست پێشکەش بە ئاوارەکان بکات و کاربکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی، هاوکات جەختیکردەوە لەسەر هەڵوێستی عێراق لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و مافی چارەنوسی فەڵەستینییەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەگەڵ پشتیوانی لە گەلی لوبنان بۆ روبەڕوبونەوەی پەلامارە دوژمنکارییەکان.
لای خۆیەوە محەمەد ئەلحەسان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کارکردنی لە عێراق وەك نوێنەری سکرتێری گشتی و هیوای خواست بۆ دروستکردنی پەیوەندی نزیك کە ببێتەمایەی هێنانەدی ئامانجەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە پێشکەشکردنی هاوکاری بە عێراق، کە یەکێکە لە وڵاتانی دامەزرێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها محەمەد ئەلحەسان باسی لە پلانی داهاتووی چالاکییەکانی نێردەی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) کرد و جەختیکردەوە لەسەر ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە بوارە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدان و فێرکردن و مرۆیی، بەشێوەیەك کە پەیوەندییەکە بەهێزتربکات و بناغەی هاریکاری بنیاتنەر لەنێوان عێراق و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبکات.
تێبينيێك بنێرە: