نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ حکومەتی تورکیا دژی تیرۆر دەوەستین
(0) /
ڕوانگە - سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای هێرشەکەی ئەنقەرە، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست؛ هەروەها گوتی "بە هاوسۆزییەکی تەواو لەگەڵ گەل و حکومەتی تورکیا لە دژی تیرۆر دەوەستین."
شەوی چوارشەممە 23-10-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرە دەکەم. بیر و نزام لەگەڵ خێزانی قوربانییەکانە."
کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی (چوارشەممە، 23-10-2024) هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و تەقینەوەیەک لە ناوچەکە روویدا. پێش ئەوەی تەقینەوەکە رووبدات، شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا روویدا. وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا چوار کەس کوژران و 14 کەسی دیکە برینداربوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و گوتی "بە هاوسۆزییەکی تەواو لەگەڵ گەل و حکومەتی تورکیا لە دژی تیرۆریزم دەوەستین."
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، هێرشەکەی ئەنقەرە کاژێر 15:16 خولەکی ئەمڕۆ لە دەرەوەی بارەگای کۆمپانیای توساش لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کرا. هێزی تایبەتی جەندرمە و ئاسایش بەخێرایی ناوچەکەیان گەمارۆدا و زوو هەردوو هێرشکارەکەیان کوشت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هێرشکارەکان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن بووە.
لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکان، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە و تیمێکی تایبەت لێکۆڵینەوە دەکەن.
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، 8 داواکاری گشتیی کۆمارییان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە. سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەم دەهێنێت.
تێبينيێك بنێرە: