وەزیری بەرگریی تورکیا: هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن پەکەکەوە کراوە
(0) /
ڕوانگە - وەزیری بەرگریی تورکیا، هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەڵام پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە نەداوە.
ئەمشەو (23ـی تشرینی یەکەمی 2024) یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، دوای دەرچوونی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ئەنقەرە، چووە بەردەم کامێرای میدیای وڵاتەکەی و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک کە لێی پرسی 'دەگوترێت، پەکەکە لە پشت ئەم هێرشە بووە، راستە؟' گوتی: "وەک کاری هەمیشەییان [پەکەکە] ئەمڕۆش کردەوەیەکی چەپەڵانەی نابەجێی تیرۆریستییان لە دژی دامەزراوەی کۆمپانیای توساش کرد، بەم هێرشەیان ئارامی میللـەتەکەمانیان تێکدا."
وەزیری بەرگریی تورکیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی کرد و گوتی "هەموو جار وەڵامی بەهێزی پەکەکە دەدەینەوە، بەڵام پەند وەرناگرن. هەمیشە گوتوومە و ئێستاش دووپاتی دەکەمەوە، تا لەناوبردنی دوایین تیرۆریست، بەردەوام دەبین لە راوەدوونانیان. هەمووتان ئەوە دەبینن کە بە دووهێندە و زیاتریش وەڵامی ئەو ئازارەیان دەدەینەوە."
کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و تەقینەوەیەک لە ناوچەکە روویدا. پێش ئەوەی تەقینەوەکە رووبدات، شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا روویدا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان بۆ پێنج کەس و بریندارانیش بۆ 22 کەس بەرزبووەوە.
عەلی یەرلیکایا، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە تایبەتەکانی جەندرمە، ئاسایش و کۆماندۆ، توانییان هەردوو هێرشکارەکە بکوژن، کە یەکێکیان ژن و دووەمیان پیاو بوو. جەختی لەوەش کردەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی بارمتەکان رزگارکران، بەڵام بەشێکیان برینداربوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، حەوت لە بریندارەکان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.
تێبينيێك بنێرە: