لەم هەڵبژاردنەدا غەدرێکی گەورە لە گەرمیان کراوە
(0) /
ڕوانگە - ژمارەیەک لەو بەربژێرانەی گەرمیان کە دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ ئەوەی سەرکەون بۆ پەڕلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنن ئەو دەرئەنجامانەی کە کۆمیسۆن ڕایگەیاندووە، دەنگی حەقیقی ئەوان نییە و ئەوان بەهەموو شێوەیەک ئەو دەرئەنجامانە ڕەتدەکەنەوە.
هونەر عەباس، کاندید بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی بەرەی گەل، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" وەکو بەربژێرەکانی گەرمیان بەهەموو شێوەیەک ئەو دەرئەنجامانە ڕەتدەکەنەوە و نیگەرانن دژ بەو ساختەکارییە کە کراوە. "
وتیشی:" بەداخەوە لە گەرمیاندا زیاتر لە 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە کەچی کەمترین بەربژێر سەرکەوتوون بۆ پەڕلەمان کە ئەمەش غەدرێکی گەورەیە دەرحەق بە خەڵکی گەرمیان دەکرێت و بۆیە ئێمە دەبێت هەڵوێستی جدیمان هەبێت دژبەو ساختەکاریەی کەکراوە."
هونەر عەباس ڕونیشیکردەوە:" ئێمە دەمانەوێت کە بەدەنگدەرەکانمان بڵێین دەنگەکانی ئێوە لەلایەن ئەم هێزانە و هەروەها هێزە ئیقلیمیەکانەوە دزراوە و ئێمە وەک بەربژێرەکانی گەرمیان بەهەموجۆرێک ئەو دەرئەنجامانە ڕەتدەکەینەوە، ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە هەریەکەمان سەربە هێزێکی سیاسین و چاوەڕێی ئەوەش دەکەین حیزبەکانمان لەبەرامبەر ئەم ناحەقیانەدا بەدەنگبێن و هەڵوێستیان هەبێت."
تێبينيێك بنێرە: