تورکیا لە پرسی ئاشتیدا لەگەڵ کورد، مەرامێکی دیکەی هەیە و دەستپێشخەریەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی
(0) /
ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری، ڕوانگە لەبارەی پرسی دەستپێشخەریەکانی تورکیا، بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند:"ئەزمونی کورد لەگەڵ تورکیادا وەهابووە هەرکات تورکیا و هێزە داگیرکەرەکان دەستپێشخەرییەکیان کردبێت ئەوا مەرامێکی دیکەی لەپشتەوەبووە و نەیویستووە پرسی کورد چارەسەربکات."
وتیشی: " چەندین جار ئەم مێژووە دووبارە بووەتەوە،بۆیە ئێستا دەبینین هەرکوردیش بەگشتی بەگومانەوە دەڕوانێتە ئەو دەستپێشخەریەی تورکیا."
موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ڕونیشیکردەوە:" تورکیا لەپێشوتردا چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی لە گوندێکی ئەفریقا دروست ببێت ئەوا تورکیا دژیەتی، هەروەها لە هەموو پرسە نەتەوایەتیەکان کورد لە کەرکوک لە هەموو شوێنەکانی دیکە تورکیا دەستی تێوەردەدات و دژی دەوەستێتەوە، لەبەرئەوە وەک پێشینە متمانە لەلای کورد دروست ناکات و کورد دڵخۆشنابێت بەوەی تورکیا ڕاستگۆبێت لەگەڵیدا، ئەمە دیوێکی ئەو حەقیقەتەیە، بەڵام بەدیوێکی دیکەدا ئێستا تورکیا لە ئەزمەیەکی ئابووری زۆر گەورەدایە و ناوچەکە نزیکە لە شەڕێکەوە و دونیا نزیکە لە دونیایەکی دووجەمسەری تازە، ئەمەش بۆخۆی ترسی لای تورکیا دروستکردووە، وە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی پێشتری تورکیا، تەنانەت لەدوای دەوڵەتی عوسمانی و لە سەردەمی ئەتاتورکیشدا چەندجارێک ئەم سیاسەتەی بەکارهێناوە، لەوکاتانەیا موجامەلەیەکی زۆری کوردی کردووە و تەنانەت پەیمانی زۆر گەورەی داوە بەکورد، بەڵام دوای ئەوەی کە لە قەیرانەکە ڕزگاری بووە زۆر دژی کورد بووە و بەخراپی مامەڵەی کردووە."
موعتەسەم نەجمەدین، ئاشکرایشیکرد:" گومانی تێدانییە، تورکیا لەم داوایەیدا مەرامێکی دیکەی هەیە و دەستپێشخەریەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی و ئەم دەستپێشخەرییە بۆئەوەنییە کە درکی بەوەکردبێت کێشەی کورد چارەسەربکات، چونکە ئەم سەرکردانەی تورک هەمان ئەو سەرکردانەن کە ڕۆژانێکی زۆر دژایەتی کوردیان کردوە و بەهەموو شێوەیەک خوێنی کوردیان ڕژانووە، بۆیە دڵنیاین لەوەی کە ئەم دەستپێشخەریە مەرامێکی دیکەی لە پشتەوەیە."
موعتەسەم نەجمەدین، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لەوەشکرد:" ئەوەندەی بزانین لەم ماوەیەدا کورد لە باکور بە حەزەرەوە لەم پرسە دەڕوانێت و تەنانەت وەڵامێکی دڵخۆشکەریشیان بۆ ئەم پرسە نەبووە و ڕاستەوخۆ شەڕ ڕاگرن و یەکسەر تەسلیم بە ئیرادەی تورکیابن بۆ دانیشتن و ڕێکەوتن و گفتوگۆ، هاوکات مەرجەکانیشیان بۆ دەستپێکردنەوە کۆمەڵێک مەرجە دەبێت کورد لانی کەم زەمانی ئەوە بکات پێشوەختە کە ئەو مەرجانەی بۆ جێبەجێ دەبێت و لەکۆتایدا مەرجەکان بەرژەوەندی کوردی تێدابێت و ئەگەر تورک مەرامێکی خراپیشی هەبێت ئەوا کورد هەر بەشی خۆی بدورێتەوە لەم دانیشتن و گفتوگۆیانە، نەک هەموو دانیشتنەکان لە بەرژەوەندی تورک بێت کە هەمیشە بەوجۆرە بووە."
تێبينيێك بنێرە: